لە ئۆسلۆوە داوای دەستبەجێ ئازاد کردنی وریشە مورادی کرا
لە ئۆسلۆ چالاکییەک بۆ وریشە مورادی، چالاکوانی کورد کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندرابوو، ساز کرا و ڕایانگەیاند، "ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرپرسیارە لە ژیانی ئەم دۆستە شۆڕشگێڕەی ئێمە، پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت".
ناوەندی هەواڵ
لە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە ئۆسلۆ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک و کۆمیتەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار چالاکییەکیان بۆ سەرکۆنە کردنی ڕفاندنی وریشە مورادی، چالاکوان لەلایەن هێزە ئێرانەوە، ڕێکخست و تیایدا پۆستەری زەینەب جەلالیان و وریشە مورادی و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کرایەوە.
دەرئەنجامەکەی نازانرێت
کۆمیتەی نەرویجی کەژار لە چالاکییەکەدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە مانگی ئابدا چالاکوان وریشە مورادییان ڕفاندووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە، "وریشە مورادی بە ناسناوی جوانا سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری ڕێکخستنی سیاسی ئێمەی بەڕێوەد دەبرد، لە نزیک شاری سنە ڕفێندراوە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت، خێزانەکەی دوای ڕفاندنی وریشە مورادی هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان بەدەست نەگەیشتووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی خێزان و ڕێکخراوەکەمانی زیاتر کردووە".
“پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت”
عومەر ئەمین، نوێنەری ئەوروپای بزووتنەوەی ئازاد ڕایگەیاند کە وریشە مورادی لەلایەن سیخوڕەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕفێندراوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسیارە لە ژیانی ئەم دۆستە شۆڕشگێڕەی ئێمە، دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
چالاکییەکە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆتایی هات.