٨ ڕێکخراوی ژنان نامەیەکیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد

لە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٨ ڕێکخراوی ژنان نامەیەکی هاوبەشیان بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، کەوتنە هەوڵدانی نێودەڵەتی، ٨ ڕێکخراوی ژنان بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار نامەیەکی هاوبەشیان بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی دیجیتاڵەوە نارد، هەروەها نامەکە بۆ چوار دەزگای دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە.

 

ئەو دامەزراوانەی کە نامەکەیان بۆ نێردراوە بریتین لە: کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ، لیژنەی مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵەی گشتی، ئەنجومەنی ئاسایش.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن بەرپرسانی کۆنگرەی ستارەوە پێشکەشکراون، نامەکە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی نووسراوە و داوای لەو دامەزراوانە کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا بهێنن کە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.

 

ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە نامە هاوبەشەکەیان ناردووە بریتین لە: کۆنگرەی ستار، ئەنجومەنی ژنانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجومەنی ژنانی سووریا، یەکێتی ژنانی ئێزیدی ڕۆژئاوا، یەکێتی ژنانی ئەرمەنی، یەکێتی ژنانی سریانی، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ناوەندی توێژینەوەو پاراستنی مافەکانی ژنان.

 

لە نامەکەدا هاتووە: ئەو گرژییەی کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان لەسەر بنەمای پێکەوەژیان دەژین، وای لێکردین وەک بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەم نامە کراوەیە بنێرن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو گەلان،وەک بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داواتان لێدەکەین بەرپرسیارێتی هەڵگرن بەگوێرەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سووربن لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێ بۆ دڵنیابوون لەوەی دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە کردەوە دوژمنکارییەکانی بهێنێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەکان و دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی و بەم دواییانە دوو نەخۆشخانە کە بۆ نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابینکرابوون، چاودێری تەندروستی گشتی بۆ دانیشتوان دابین دەکەن، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ٤ی تشرینی یەکەم لە گوندی کرێ فرا لە نزیک دێریک و شاری کۆبانێ کرانە ئامانج، تورکیا بەئەنقەست هێرش دەکاتە سەر کامپەکانی پاراستنی پەنابەران لە ٥ی تشرینی یەکەم ناوچەی دەوروبەری کامپی پەنابەرانی واشۆکانی لە ڕۆژئاوای شاری حەسەکە چەند جارێک لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بۆردومان کردو لە ئەنجامدا ١٢ ڕێکخراوی مرۆیی کارەکانیان لەناو کامپەکەدا ڕاگرت و ستافەکانیان چۆڵکرد و خەڵکەکەیان بەبێ پاراستن بەجێهێشت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو سیستمەی کە بەم شێوەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بونیاد نراوە بە دانپێدانانی مافەکانی ژنان و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسییان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێوێنەیە و سوودێکی گەورەی هەیە بۆ هەموو ژنان و هەموو گەلانی ناوچەکە، وەک ژنان، ئەوە لە ڕووی بوونییەوە دەربارەی بەرگریکردن لە ژیانی ئێمە و ئازادییەکانمانە، چونکە بە پێویستی دەزانین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژنان و خەباتمان لە هێرشە جەستەیی و ئایدۆلۆژییەکانی ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستانەی داعش.

 

لە کۆتایی نامەکەیاندا ئەو ٨ ڕێکخراوەی ژنان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی خەڵک لە تاوانەکانی جەنگ و مافەکانی مرۆڤ بگرنە ئەستۆ و بەگوێرەی ئەوە کار بکەن.