ژنانی مەنبج: نامانەوێت خاکەکەمان داگیر بکرێت

ژنانی مەنبج کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژئاوای شاری مەنبج دەربڕی و وتیان: تاکە ئاواتمان بە ئاشتی ژیانە، ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک لە دەرەوەی ئێمە بەڕێوەمان ببات و خاکەکەمان داگیر بکات.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

مەنبج- لە هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندەکانی مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە  ١ی ئەیلوولەوە تا ئێستا ٥ کەس کوژراون و ٤ کەسیش برینداربوون، وەک بەشێک لە سیاسەتی جەنگ، خەڵکەکە ناچاربوون کۆچ بکەن، خەڵکێکی زۆر ناچاربوون لە کێڵگەکانی دەوروبەری گوندەکان نیشتەجێ بن.

 

"ئامانجیان دەرکردنی هاوڵاتیانە لە خاکی خۆیان"

خەتیجە ئەلکاراج لە گوندی سەیدا لە باکووری ڕۆژئاوای مەنبج وتی: لە گوندی سەیدا، خەڵک لە بارودۆخێکی تراژیدیدا دەژین، ئامانجی هێرشەکە دەرکردنی خەڵکی مەدەنییە لە ناوچەکانیان و تاڵانکردنی ماڵەکانیانە، موڵک و ماڵی خەڵک دزراون.

 

"نامانەوێت هیچ کەسێک خاکەکەمان داگیر بکات"

مەدیحە حسێن، خەڵکی گوندی بوێر لە باکووری شاری مەنبج، کە ٤ کیلۆمەتر لە مەیدانی جەنگەوە دوورە، وتی: لەگەڵ زیادبوونی بۆردوومان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری، ئێمە لە ترسی مردن ماڵەکانمان جێهێشت، چونکە ئەوان هەوڵ دەدەن ماڵەکانمان بۆردوومان بکەن، لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١٦، داعش کۆمەڵکوژییەکی لە دژی خەڵکی بوێر و موشریفەت بوێر ئەنجامدا و ٣٥ هاوڵاتی مەدەنی کوشت، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.

 

"هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دەدەن"

فاتمە حسێن، خەڵکی گوندی زەنگوڵ، کە بەهۆی بۆردوومانەوە ناچارکراوە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت، وتی: هێرشەکان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری شاری مەنبج زیادی کردووە و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرێنە ئامانج، هێرشەکە لە ٢ی ئەیلوول ڕوویدا. فاتیمە ئەلحەج محەمەد، تەمەن ٧٠ ساڵ، لە هێرشەکەدا کوژرا، دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات.