یەکێتی ژنانی گەنج هەڵمەتی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێدەکات

بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە سەرتاسەری جیهان، یەکێتی ژنانی گەنج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵمەتی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێکرد.

کۆبانێ

 

دوێنێ، ٢٨ی ئادار یەکێتی ژنانی گەنج بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی... سەرکەوتن بەدەستدەهێنین" فێستیڤاڵی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لە کانتۆنی کۆبانی لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ساز کرد و وتیێدا ژنانی گەنج دووپاتیان کردەوە، بەردەوامن لە خەبات و بەرخۆدان لەپێناو گەیاندنی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە هەموو ژنانی جیهان.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا، کە سەدان ژنی گەنج لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە مەنبەج، ڕەقە، تەبقە، جزیرە و ناوچەی فوراتەوە بەشدارن، دەستپێکردنی هەڵمەتی "ژن، ژیان، ئازادی"ی ڕاگەیەندرا.

 

"بەم هەڵمەتە دروشمی ژنان دەگەیەنین بە جیهان"

فریان تەمی، وتەبێژی یەکێتی ژنانی گەنج لە کانتۆنی کۆبانی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ئەم فێستیڤاڵە بەمەبەستی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی "ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوەدەبەین، دوای ئەوەی ئەم دروشمە لەلایەن تێکۆشەرانی هێزی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە لە ناوچەکانی بەرگری ڕەوادا سەریهەڵدا، ئامانجمان گەیاندنی دروشمی ئازادی ژنان بە هەموو بەشەکانی جیهانە، لێرەوە، لە گۆرەپانی ژنی ئازاد لە کۆبانێ کە بەرخۆدانی ژنی کوردی بە جیهان ناساند، ئێمە هەڵمەتەکەمان ڕادەگەیەنین.

 

سەبارەت بە بەرنامەی فێستیڤاڵەکەش ڕوونیدەکاتەوە، "فێستیڤاڵەکە چەندین بەرنامەی فەرهەنگی و هونەری لەخۆگرتووە، بۆئەوەی وەک ژنانی گەنج، بە دەنگ و کولتووری خۆمان بەرخۆدانی ژنانی کورد و تێکۆشەرانی هێزی ڕزگاریخوازی کوردستان بە هەموو ژنان بگەیەنین، سڵاو بۆ بەرخۆدانی ژنان لە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنێرین، کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە ئیلهام وەرگرتن لە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کە تا ئێستاش لە هەوڵدایە بۆ ڕزگارکردنی هەموو ژنان، بەردەوامە"، هەروەها بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی گەنج کرد کە "بە بەشداریکردن لە هەڵمەتی ژن، ژیان، ئازادی، دەستکەوتەکانی ژنان بپارێزن".

 

موتیعە محەمەد، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج لە مەنبج، وتی: ئەمڕۆ ئێمه له شاری بەرخۆدانی ژنانی ئازادەوە لە کانتۆنی کۆبانێ ئامادەی دەستپێکردنی هەڵمەتی "ژن، ژیان، ئازادی"ن، لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە دەتوانین بگەینە هەموو ژنێک لە هەموو جیهان و ئازادیان بکەین، وەک یەکێتی ژنانی گەنج لە شاری مەنبجەوە بەردەوام دەبین لە بەردەوامیدان بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان و تێکۆشان دەکەین بۆ ئازادی هەموو ژنانی جیهان و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان.

 

"هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئازادی بۆ هەموو ژنان بەدەستدەهێنین"

دیجلە حەسەن ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج لە کانتۆنی کۆبانێ، وتی: کەمپینی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوام دەبێت تا دەگەینە ئازادیی هەموو ژنان لە سەرتاسەری جیهان، لە ڕێگەی بۆنە جۆراوجۆرەکان و چالاکییەکان بۆ شکاندنی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر ژناندا سەپێنراون و وەستانەوە بەرامبەریان و ئازادییان تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین.