"دەبێت ڕۆڵەکانمان لە تەڵە و یارییەکانی پەدەکە بپارێزین"
سەرەڕای پلان و هێرشەکانی سەر ئێزدخانی پیرۆز، بەڵام گەلی بە ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدیی سەرکەوتن تۆمار دەکات، لە نێوان ٢٧ی شوبات و ١ی ئازاردا، سێ ڕۆڵەی ئەو گەلە شەهید بوون، ژنانیش دەڵێن: دەبێ ڕۆڵەکانمان لە تەڵە و یارییەکانی پەدەکە بپارێزین.
شەنگال
خەڵکی شەنگال ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ڕێکخست بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر فەرماندەکانی یەبەشە پیر چەکۆ، ئاگری جەفری و فەرماندەی هێزی ئاسایشی ئێزیدخان، شێرزات شەمۆ، کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و پەدەکەی هاوکارییەوە شەهید کرا.
لە ڕێپێوانەکەدا خەڵک ئاڵای هێزەکانی پاراستنی ئیزیدخان و وێنەی سێ فەرماندەکەی شەنگالیان بەرزکردەوە و دروشمی شەهید نامرێیان دەوتەوە.
نایف شەمۆ، ئەندامی شاندی عەشیرەتەکان، بە ناوی ئیدارەی خۆسەری شەنگال و سەرجەم خەڵک و دەزگاکانەوە وتارێکی پێشکەشکرد.
"هەرچەندە ئازارەکانمان زیاتر بێت، کینەمان بەرامبەر بە دوژمن زیاد دەکات"
نەعەم بەدەل، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، لە سەرەتای قسەکانیدا هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستانی بە بیرهێنایەوە، وتی: لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ فەرماندەمان کرانە ئامانج، ئەمە ئازارێکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەڵام با دوژمن بزانێت تا زیاتر ئازار بچێژین، ڕق و کینەمان بەرامبەر دوژمنە خوێنڕێژەکانمان زیاتر دەبێت، بۆیە زیاتر وابەستەی ئامانجەکانمان دەبین و تا تۆڵەی ئەم فەرماندانە نەکەینەوە ناوەستین.
"دەبێت ڕۆڵەکانمان لە یارییەکانی پەدەکە بپارێزین"
سینەم ئیبراهیم، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی-تاژێ، کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە سیخوڕ خستەڕوو و وتی: ناتوانین گلەیی لە دوژمن بکەین، گلەیی لە کەسایەتییە کەوتوو و لاوازەکانی ئێزدی دەکەین کە دەبێت بە هۆش خۆیان بێنەوە، دەست مەخەنە ناو خوێنی خوشک و براکانتانەوە، خێزانەکان پێویستە ڕۆشنبیری باش بدەن بە منداڵەکانیان، ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێودەچێت شەڕێکی تایبەتە، بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکرێتە سەر کۆمەڵگە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە بەئاگا بین و منداڵەکانمان پەروەردە بکەین، پێویستە ڕۆڵەکانمان لە تەڵە و پلان و یارییەکانی پەدەکە بپارێزین.