بانگەوازی بۆ چالاکی گشتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ١٧ی شوبات بانگەوازی چالاکی گشتی کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی گەل کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، لە مانگی ٦ەمیندا بەبێ پچڕان بەردەوامە، ڕژێمی ئێران دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامڕازێکی فشار بەکاردێنێت، هەرچەندە لە کۆتایدا ڕژێم بڕیاری لێبوردنی گشتی دەرکردووە، بەڵام لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات دەستبەسەرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵەکان بەردەوامە.

 

بەم دواییانە مەلای گوندی مەریخان لە سەردەشت لە کاتی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی شاری خوی لە خاڵی کۆنترۆڵی ورمێ دەستبەسەرکرا، تۆمارکراوە کە ٢٧ مەلای کورد لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بانگکراون بۆ شایەتیدان لەسەر ئەو زەمینەی کە پشتگیری خۆپیشاندەرانیان کردووە و بەلایەنی کەمەوە ١٠ کەسیان دەستگیرکراون.

 

لێوەکانی دووریوە

لە شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئارین کوخایی خۆپیشاندەری بەندکراو لە دوای دەستپێکردنی کەیسەکەی، بە دوورینی لێوەکانی دەستی بە مانگرتن کرد.

 

لە مەهاباد، ڕۆژی لەدایکبوونی زانیار ئەبوبەکر، کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانی لەدەستدا، بە بەشداری بنەماڵەکەی و کۆمەڵێک لە چالاکوانان پیرۆزکرا.

 

چالاکی دژ بە گۆشەگیری و پیلانگێڕی

لە لایەکی دیکەوە لە چەند شارێکدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەگەڵ ڕاپەڕینەکان بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا ، لەوانە لە بانە و سنە چالاکیی دژی گۆشەگیری و پیلانگێڕیی کرا.

 

بانگەواز بۆ چالاکی گشتی

لەسەرانسەری ئێراندا کاردانەوەکان بەرامبەر بە ڕژێم بە دەق و دروشم بەردەوامن، کۆمەڵێک چالاکوان لە ١٧ی شوبات، چلەی ماتەمینی محەمەد مەهدی کەریمی و محەمەد حوسێن دەبێت کە لەسێدارە دراون، داوای چالاکی گشتی و خۆپیشاندانیان کرد، لەو چوارچێوەیەدا لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراوەی بانگەشەی چالاکی دابەشکرا.