لە لەندەن خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژنان لە ئێران کرا

بەدەستپێشخەریی کۆلەکتیڤی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ جاری دووەم لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران بەڕێوەدەچێت، ڕێکخرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم، لەسەر بانگەوازی کۆلەکتیڤی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ جاری دووەم لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ڕەوەندی کوردی و دۆستانی کورد بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی جەماوەری بۆ پشتیوانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.

 

خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی لەندەن بە بەرزکردنەوەی ژمارەیەک پۆستەر و لافیتە و وتنەوەی دروشم پشتیوانییان لە شۆڕشەکە کرد و هاوکات داوای ئازادیی گیراوانی سیاسیان کرد، سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان بەسەر خۆپیشاندەرانیشدا ئیدانە کرد.

خۆپیشاندەران لە بەردەم کەناڵی بی بی سی تا سەنتەری تەلەگراف سکوێر ڕۆیشتن و بە بەردەوامی لە شەقامەکاندا دروشمی "ژن ژیان ئازادی"یان دەوتەوە.

 

نەتەوە جیاوازەکانی ئێران وەک بەلوچ، عەرەبی ئەهواز، کورد و فارس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و ئەو نەتەوانە و چەند چالاکوانێکی فمینیست و مرۆڤی ئازادیخواز بە زمانی ئینگلیزی، دژی سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و وتەیان پێشکەشکرد، لە وتارەکانیاندا سیاسەتی نادیموکراتیانەی ئێرانیان بەرامبەر بە کورد و گەلانی تری ئێران شەرمەزار کرد.

 

چالاکوانان بە دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی'، 'ئازادی بۆ گیراوانی سیاسی کورد لە ئیران"، "شەهید نامرن"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ" دوای سێ کاتژمێر لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە کۆتاییان بە چالاکیەکەیان هێنا.