بەردەوامی ڕاپەڕینی شەوانە، حکومەت لە لێواری ڕووخاندایە

ناڕەزایەتی شەوانەی ئازادیخوازان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و شەوی ڕابردووش چەند دامەزراوەیەکی ئەتۆمی ئێران بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی پێنجەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێم، شەوی ڕابردوو زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران شایەتی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوان بوون و هاوکات لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیانەشدا چەندین ناوەندی ئەتۆمی، پیشەسازی و چەک کراونەتە ئامانجی هێرشی بەرفراوان.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای توندی بارودۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی ڕابردوو لە شارەکانی سنە، جوانڕۆ، کرماشان، بانە، بۆکان، مهاباد، پیرانشار، سەقز و چەند شارێکی دیکە، ئازادیخوازان لە شەقامەکاندا دەرکەوتن و دروشمەکانیان بەرزکردەوە، بە وتنەوەی گۆرانی کوردی، ئاگرکردنەوە و دڕاندنی پۆستەرەکانی ڕژێم درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکەیاندا.

 

باس لەوەشکراوە کە لە جوانڕۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئازادیخوازان و هێزە ئەمنییەکان ڕوویداوە و بنکەی پۆلیسی ئەم شارە تۆپبارانکراوە و یەکێک لە هێزە ئەمنییەکان کوژراوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم هەواڵەیان ڕەتکردەوە و ئەم ڕووداوەیان بە ململانێی نێوان قاچاخچییەکان و هێزە ئەمنییەکان ناوبرد.

 

هەروەها لە سیستان و بەلوچستان و شارەکانی ئێران لەوانە تاران، ئەسفەهان، تەبرێز، مەشهەد، کەرەج، پەرەند، ڕەشت، ئەهواز، شیراز و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمەکانیان دەوتەوە، نامیلکەیان بڵاوکردەوە، پۆستەرەکانی خامنەیی و خومەینیان دەهێنایە خوارەوە و گۆڕییان بە وێنەی کوژراوان، ئاگریانبەردا لە ناوەندە حکومییەکان و سوپا بە ناڕەزایەتییەکانیان جەختیان لە ڕووخانی ڕژێم کردەوە.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە تاران بڵاوکراونەتەوە، دەنگی تەقەکردن بە بەردەوامی بیستراوە، وەزارەتی بەرگری ئێران هێرشەکانی بۆ سەر کۆمپلێکسی وەرشەی وەزارەتی بەرگری لە ئەسفەهان پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، "بە پێشبینی و ڕێوشوێنی بەرگری، یەکێکیان بەر بەرگری ئاسمانی کۆمپلێکسەکە کەوتووە و دوو فڕۆکەکەی دیکەش کەوتوونەتە خوارەوە".