٦٠ ئەندامی فاکەڵتی دەستیان لە زانکۆکانی ئەفغانستان کێشایەوە

کۆمەڵێک لە پرۆفیسۆر و ئەندامانی پەروەردە لە زانکۆکانی ئەفغانستان بۆ ئیدانەکردنی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە.

کابول

 

وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان، فەرمانێکی ئاراستەی زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی کردووە، ڕایگەیاندووە، "بۆ ئاگاداری زیاتر، خوێندکارانی کچ ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن"، کاردانەوەکان بەرامبەر ئەم بڕیارە دەستبەجێ هاتە ئاراوە، ناڕەزایەتی دژی ئەم بڕیارەی تاڵیبان لە هەموو شوێنێک بەڕێوەچوو، ئەو خوێندکارە پیاوانەی کە دەیانویست ئەو بڕیارە ئیدانە بکەن، پۆلەکانیان بەجێهێشت و پرۆفیسۆر و ئەندامانی فاکەڵتی دەستیان لەکارکێشایەوە.

 

ناوی ٦٠ پرۆفیسۆری دەستلەکارکێشاوە ڕاگەیەندرا

٦٠ پرۆفیسۆر و ئەندامی پەروەردە لە زانکۆکانی ئەفغانستان دەستیان لەکارکێشایەوە بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارەی تاڵیبان، کە ڕێگریکردنە لە خوێندنی ژنان لە زانکۆکان، مامۆستا عوبەیدوڵا وەرداک، مامۆستای زانکۆی کابول لە پەیامێکدا لە هەژماری دیجیتاڵی میدیایی خۆی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و لیستێکی ناوی ٥٩ مامۆستای زانکۆی دەوڵەتی بڵاوکردەوە کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە بۆ ئیدانەکردنی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان و داوای پشتیوانی لە خوێندکارە کچەکان دەکات.

 

هەڵوێستەکان بەرفراوان دەبن

قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە زانکۆکانی ئەفغانستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ڕێکخراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و هتد. ئەم بڕیارەی تاڵیبانیان ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان زانی.

 

لەلایەکی دیکەشەوە خوێندکارە پیاوەکانی زانکۆی نەنگەرهار ڕایانگەیاند کە بەشداری تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ ناکەن و کاردانەوەیان بەرامبەر بەو بڕیارە هەبوو.

 

پێشتر پرۆفیسۆرێک دەستی لەکارکێشایەوە

مامۆستایەکی پیاوی زانکۆی پۆلیتەکنیکی کابول بە ناوی محمد هادی ئەسعەدی پێشتر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان ناردووە، لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەدا بەم شێوەیە هاتووە: "من پرۆفیسۆر محمد هادی ئەسعەدیم لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی کابول، من دەست لە ئەرکی پیرۆزی خۆم دەکێشمەوە بۆ ئیدانەکردنی داخستنی دەرگای پەروەردە و ڕاهێنان و هەڵاواردنی سیستماتیکی دژی ژنان و کچانی کۆمەڵەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی ئەفغانستان، خزمەتکردن لە کۆمەڵگەیەکدا کە مافە سەرەتاییەکانی نیوەی دانیشتووان پێشێل بکرێن، هەمان خیانەتەکانە".