لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا؛ یەکێکیان منداڵێکی ١٠ ساڵە
لە ئەنجامی بۆردومانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندی ڕەقاسی سەر بە گرێسپی، ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، دوانیوەڕۆی ١٧ی کانوونی یەکەم/١٢، گوندی ڕەقاس لە گرێسپی بە فڕۆکەی سیخوڕی و چەکی تورکیا بۆردومان کرا، لە ئەنجامدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵە بەناوی ویس محەمەد وەیس، کەسێکیش بە سەختی بریندار بوو.
جگە لەوەش گوندەکانی شێخ عەلی و گۆزەلیێی سەر بە تل تەمر و گوندی مەیاسێ سەر بە شێراوا بە چەکی قورس تۆپباران کران.
لە مانگی کانوونی یەکەمدا ١٦ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە سەبارەت بە هێرشەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، خەڵکی مەدەنی کراونەتە ئامانج، لە هێرشەکاندا هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەل دراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، تەنها لە مانگی کانوونی یەکەم/١٢دا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ١٦ هاوڵاتی.