"ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی"

ئەندامی ئەنجومەنی هەماهەنگی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتی: دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر بەرخۆدانی ئازادیخوازان شکستی هێناوە، بۆیە پەنای بردووەتەبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنێکدا لە هێرشە هەڕەمەکییەکانیدا جدیترین تەکنیک لە دژی گەل و ئازادیخوازان بەکاردەهێنێت. هەروەها ڕق و کینەی خۆی بە شێوەیەک دەڕژێنێتە سەر خاکی پێکهاتەکان کە ڕێز لە یاساکانی جەنگ نەگرێت، سەبارەت بەو پرسە، ژیان حسێن، ئەندامی هەماهەنگی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشە دڕندانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچە پارێزراوەکانی میدیا کرد.

 

"لە بەرامبەر بەرخۆدانی شەڕڤانان بێدەسەڵاتە"

ژیان حسێن هێرشی دەوڵەتی تورکی بە چەکی کیمیایی بۆ سەر ناوچە پارێزراوەکانی میدیا شەرمەزار کرد و بەم شێوەیە دوا، "دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشە دڕندانەیەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و ئازادیخوازان بۆ ماوەی ڕابردوو ڕانەگرتووە، لە دوا هێرشدا بە چەکی کیمیایی ١٧ شەڕڤانی ئازادیی گیانیان لەدەستدا، هۆکاری هێرشەکان ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک لە زۆر ڕووەوە شکستی هێناوە و شەڕێکی درێژخایەن لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەستی پێکردووە و هیچ بژاردەیەکیشی لەبەردەم خۆڕاگری شەڕڤاناندا نییە، بۆیە پەنای بردووەتەبەر بەکارهێنانی ئەم چەکە کیمیاییانە و هێرشی دڕندانە ئەنجام بدات. شەڕڤانان منداڵی ئەم گەلەن و خەبات دەکەن بۆ پاراستنی هەموو کوردستان. ئێمە وەک گەلی کورد بەم هێرشە دڕندانەیە ئازاڕێکی زۆرمان چەشتووە، بەڵام هەمیشە باوەڕمان بە ئیرادەی بەهێزی خۆمان هەیە و گەلی کورد لەناو ناچێت".

 

"دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت لەگەڵ کۆمەڵگە بووەتەوە"

ژیان حسێن ئاماژەی بە قەیرانە ناوخۆییەکانی دەوڵەتی تورکیا و کاریگەرییەکانی لەسەر شەڕ و هێرشەکانی دەرەوە کرد و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "دەوڵەتی تورکیا تەنیا هێرش ناکاتە سەر چیاکانی کوردستان، بەڵکو شەڕێکی توند لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بەڕێوەدەبات، دەوڵەتی تورک لە ناوخۆدا شەڕێکی سەخت لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکات، چ لەڕووی قەیرانی ئابوورییەوە، چ لەڕووی هەڵبژاردنەکانەوە، کە کەس لە خەڵکی کۆمەڵگەی تورک لە دەوری دەسەڵاتەکەیدا نەماوە و زیندانەکان پڕن لە خەڵک، شارەکان چۆڵن لە خەڵک، ئێستا خەڵک کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی دەرەوە، بۆیە هیچ دۆستێکی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا نییە. دەوڵەتی تورک بە داگیرکردنی خاکەکانی دەرەوەی وڵاتی خۆی چۆن ئەمە دەگەڕێنێتەوە؟ جگە لەوەش دەوڵەتی تورک زۆر لە خۆڕاگری گەلی کورد دەترسێت و نموونەی پێشەنگی ئەویش ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی شەڕڤانانە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا".

 

"یاسا نێودەوڵەتییەکان لە پراکتیکدا هیچ واقیعێکیان نییە"

ژیان حسێن سەرنجی بۆ بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاکێشا سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەموو جیهاندا قەدەغەیە و ڕێککەوتنەکە نووسراوە، بەڵام ئێمە هەمیشە دەڵێین یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنها لەسەر کاغەز نووسراون و هیچ ڕاستییەک بۆ بەکارهێنانی نییە، هه‌روه‌ها كاتێك باس له‌ كورد ده‌كرێت، هه‌موو دنیا بێده‌نگ ده‌بێت و هیچ هه‌ڵوێستێكی جددی نادۆزرێته‌وه‌. وڵاتانی نێودەوڵەتی خۆیان ئەم چەکە کیمیاییانە دەگوازنەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی پێکهاتەکان. گەلەکەمان لە وڵات و دەرەوەی وڵات هەڵدەستێت و ئیدانەی ئەو کردارە دڕندانە دەکات، دیمەنەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە پڕ لە ئازارە لەسەر میدیاکان ڕوونە و لەبەر چاوی هەموواندایە. با جیهان لە بێدەنگی خۆی دەربچێت و کورد بە ئارامی بژی.