بە ئینتەرنێت و بێ ئینتەرنێت، ڕاپەڕینی نەتەوەیی بەردەوامە

لە حاڵێکدا کە بڕینی ئینتەرنێت و توندوتیژی کوشندەی ڕژێمی ئیسلامی لە دژی خۆپیشاندەران و نەیارانی ئەم حکومەتە چڕتر بووەتەوە، بەڵام ئەو ڕاپەڕینە کە ژنان لە پێشەنگایەتی دەکەن، هێشتا بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی سەرتاسەری بیستەمین ڕۆژی تێپەڕاند، هەرچەندە ئینتەرنێت ڕاگیراوە و ئاستەنگی بۆ دروستدەکرێت، بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپەڕینێک هەیە دژی ڕژێمی ئیسلامی، کە تەمەنی چوار دەیەیە، و ژنان پێشەنگایەتی دەکەن.

 

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دوای بانگەوازی بۆ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان، سەرەڕای پچڕانی ئینتەرنێت، مانگرتنی گشتی دوکاندار و کاسبکاران بەردەوامە، شەوی ڕابردووش خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنە، کرماشان، سەقز، مەهاباد، دیواندەرە، کامیاران، بۆکان، بانە و شارەکانی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی "ژن ژیان ئازادی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر، داگیرکار لە کوردستان بڕۆ دەر"یان دەوتەوە و ئاڵای خامنەیی و خومەینی و بریکارەکانی پەیوەست بە ڕژێمی ئیسلامییان سوتاند.

 

باس لەوەش دەکرێت کەشێکی ئەمنی بەهێز لە شارەکان هەیە و هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران بە جلوبەرگی مەدەنی و بە بەکارهێنانی کڵاشینکۆف و دەمانچە و باتۆن و گازی فرمێسکڕێژ لە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەراندا بوون.

 

هەروەها لە شارەکانی تاران، ئەسفەهان، مەشهەد، بەندەر عەباس، سیستان و بەلوچستان، ئەهواز، شیراز، لاهیجان، یەزد، قوم، فارس، تاڵەش، کرمان و هتد، یاخیبووان هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی "ئێمە شەڕ دەکەین  و مەرگ بۆ خامنەیی، مەڵێ ناڕەزایەتی ناوی شۆڕشە، ئێران بەجێناهێڵین"یان دەتەوە بەردەوامیان بە خۆپیشاندانەکان دا.

بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، سەرکوتکردنی دڕندانەی سوپای پاسداران و هێزەکانی پاسەوانی تایبەت بەردەوام لە زیادبووندایە و بە دووبارەبوونەوەی تەقەکردن و فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ هەوڵیانداوە دەنگی ٤٠ ساڵ خنکێنراو بێدەنگ بکەن.

 

باس لەوەشکراوە کە ژمارەیەکی زۆر کەس دەستگیرکراون یان برینداربوون، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە ئەستەمە دەست بگات بە زانیاری و ئاماری کوژراو و بریندار و دەستگیرکراوەکان.