لە پەرلەمانی ئەوروپادا؛ قژی خۆی بڕی و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وترایەوە

پەرلەمانتارێکی یەکێتی ئەوروپا لە هۆڵی پەرلەماندا، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" قژی خۆی بڕی و دەڵێت: پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان بێدەنگ نەبێت، ئەگەر نا كێشەی ژنان لە چەوساندنەوە گەورەتر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لەناو پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا گفتوگۆ لەبارەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران کرا و عەبیر سەهلانی، ئەندامی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا، ڕەخنەی توندی لە بەرپرسی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان گرت، باسی لەوەکرد کە ژنانی ئێران بوێرانە لە ناڕەزایەتییەکاندا ڕۆڵی خۆیان نیشانداوە و پێشەنگایەتی دەکەن.

 

عەبیر سەهلانی وەك ناڕەزایەتییەك دژی كوژرانی ژینا ئەمینی و پاڵپشتی بۆ ڕاپەڕینەکانیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای پێشکەشکردنی وتارێک قژی خۆی بڕی. ئاماژەی بەوەشدا، "دەیەوێت نیشان بدات کە دەنگی ژنان بە دووری نێوانیان و لێرەدا دەبیسترێت".

 

سەهلانی لە وتارەكەیدا وتی: سێ هەفتەیە بوێری ژنانی ئێران بەردەوامی هەیە، ژنانی كورد، فارس و ئازەری و سەرجەم پێكهاتەكانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادییان ئامادەن گیانیان بەخت بكەن، پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان بێدەنگ نەبێت و لەوبارەیەوە هەڵوێستیی هەبێت، ئەگەر نا كێشەی ژنان لە چەوساندنەوە گەورەتر دەبێت.

 

سەهلانی باسی لە دۆخی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە لە ژێر زوڵم و چەوساندنەوەدان و داوای هەڵوێستی لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، دواتر بۆ واتا بەخشین و گەیاندنی پەیامی لەگەڵبوونی ژنانی ئێران، بە زمانی کوردی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" قژی خۆی بڕی.