مەراسیمێکی بە شكۆ بۆ سێ پێشەنگی شۆڕشگێری یەپەژە بەڕێوەچوو

گەلی هەرێمی جەزیرە مەراسیمێکی بە شکۆیان بۆ هەرسی پێشەنگ، ژیان تۆڵهەڵدان، بارین بۆتان و ڕۆژ خابور ڕێکخست.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە - ڕۆژی ٢٢ی تەمموز، دەوڵەتی تورکیا لەسەر ڕێگای قامیشلۆ هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لە ئەنجامدا فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، ڕۆژ خابور، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ژیان تۆڵهەڵدان، فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر، بارین بۆتان شەهیدبوون، گەلی هەرێمی جەزیرە لە گۆڕستانی شەهید میدیا و دژوار لە شاری حەسەکە مەراسیمێکی جەماوەریان ڕێکخست و بە خولەکێک وەستان بۆ پاکڕەوان مەراسیمەکە دەستیپێکرد.

 

عەدلە مستۆ، لەسەر ناوی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئێمە لە سایەی قوربانیدانی ئەو شەهیدانەدا دەژین، بەئامانجکردنیان بەئامانجکردنی تەواوی خەڵکی ناوچەکەیە. چونکە ئەوان پێشەنگی ئەم شۆڕشەن. بە خەبات و بەرخۆدان پلانی جینۆساید شکست پێدەهێنین و ڕێبازی شەهیدانمان درێژە پێدەدەین.

 

سۆزدار دێرک، فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، دووپاتی كردەوە كە لە دژی هەموو هێرش و داگیركارییەك وەڵام دەدەنەوە و وتی: "ئەگەر ڕۆژێك بژین، ئەو ڕۆژە بە ئازادی دەبێت، ئێمە هەموو ڕۆژێك رۆحمان فیدا دەکەین چونکە فیدایی ئەم گەلەین، دەوڵەتی فاشیستی تورک هێرشی دڕندانەی خۆی بۆ سەر خاکی ئێمە ئەنجام دەدات، هەڤاڵانمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەنە ئامانج، ئەم هێرشانە لە دژی هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان ئەنجام دەدرێن.

 

"بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان بە ئیرادە و باوەڕییەکی زۆرەوە پێشوازی لە یادی ١٠ ساڵەی شۆڕش دەکەن"

ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە رایگەیاند، ناتۆ بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژی و هێرش و بەئامانجکردنی گەل و وتی: ئێمە وەک خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشوازیمان لە یادی ١٠ ساڵەی شۆڕشی ١٩ی تەمموز کرد کە چ دەستکەوت و گۆڕانکارییەک ڕوویداوە و چۆن دەسەڵاتی تیرۆر و فاشیزمی دەوڵەتی تورک بە تێکۆشان و بەرخۆدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە شکستی هێناوە. ئێمە وەک بزووتنەوە و ڕێکخراوێکی ژنان بە متمانەیەکی زۆرەوە پێشوازیمان لە یادی ١٠ ساڵەی شۆڕش کرد، ئەو شۆڕشەی کە ئاریناکان و ئاڤێستانەکان پێشەنگایەتی دەکەن و کاریگەری لەسەر جیهان بە گشتی هەبوو، شۆڕشەکە هیوا و بیروباوەڕی خۆی بۆ تێكۆشان بۆ ئازادی ژنان دەربڕی و بەڵێنی بەرزکردنەوەی تێکۆشانیدا، هەڤاڵانمان لە هێرشێکی دڕندانەی فاشیزمی تورکیا، لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی شۆڕشی ژناندا، کرانە ئامانج، هاوڕێیان ژیان و بارین و ڕۆژ شەهید بوون. دەوڵەتی تورک بەشێکە لە ناتۆ، لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی ئێمە و پێشەنگەکانمان کە شکستیان بە داعش هێنا و کاریگەرییان لەسەر جیهان دانا، هێرشی بەردەوام هەیە، بۆ ئەمەش نەک هەر دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە، ناتۆش بەرپرسیار دەکەین.

 

مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی ناسنامەی شەهیدان لەلایەن ڕۆژدا ئەحمەد ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان کۆتایی پێهات و تەرمی شەهیدان ژیان و بارین لە شەهبا و شەهید ڕۆژ لە گۆڕستانی بەرکەڤر لە دەربەسی بەخاک سپێردران.