لە غەزە پەروەردە بۆ بەهێزکردنی ژنانی خاوەن پرۆژە بچووکەکان سازکرا

خولی پەروەردە بۆ بەهێزکردنی ژنانی خاوەن پڕۆژە بچووکەکان لە بواری ئابووری و کارگێڕی و پەرەپێدانی توانا و داهێنانەکانیان ڕێکخرا.

غەزە

 

بە مەبەستی بەهێزکردنی ژنان لە بواری ئابووری و کارگێڕی و پەرەپێدانی توانا ئابووری و داهێنەرەکانیان، سەنتەری توێژینەوە و ڕاوێژکاری یاسایی و پاراستنی ژنان خولی پەروەردەی لەسەر بەڕێوەبردنی پڕۆژە بچووکەکان بۆ ژنان ڕێکخست.

 

ڕاهێنانەکە تیشکی خستەسەر بەڕێوەبردنی پرۆژە بچووکەکان و چەمکی پڕۆژەکە و پێکهاتەکانی، بەشداربووان لەسەر کارامەیی تەکنیکی و پیشەیی پەیوەست بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار مەشقیان پێکرا.

 

وەفا هەلەس، ڕێکخەری پڕۆژەکە، ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕاهێنانە ئەوەیە کە ئەو ژنە پێشەنگانەی کە خاوەنی پڕۆژەی بچووکن و لێهاتووییان هەیە دەست بە پڕۆژەی بچووک بکەن و پەرە بە پڕۆژەکانیان بدەن و بەڕێوەی ببەن، هەروەها خستیەڕوو کە لە هەر خولێکدا ٢٠ ژن لە هەموو ناوچەکانی غەزە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لەسەریەک هەڵبژێردران.