"هێرش و هەڕەشەکان نامانوەستێنن و دەستبەردانی فکری ئازاد نابین"

هەڕەشە و فشارەکان بۆ گۆرینی ئاڕاستەی کاری هەریەک لە کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژنیوز بەردەوامە، ڕۆژنامەنووسانی ئەو دەزگایانەش ڕایانگەند، هیچ کات بە ویستی دەسەڵات دەستبەرداری فکری ئازادی خۆیان نابن

سلێمانی

 

پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی ئەو هەڕەشە و تۆمەتانەی لە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و بەڕێوەبەر و کارمەندانی هەریەک لە کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژنیوز دەکرێت، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و ڕۆژنامەنووسان، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ بەشداری کۆنگرەکە بوون.

 

لە کۆنگرەکەدا سنور ڕەحمان، پێشکەشکاری کۆمپانیای چەتر، بەیاننامەی هاوبەشی کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژنیوزی خوێندەوە و ئاماژەیان بەوەدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە ئاژانسی ڕۆژنیوز و کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی، کە بەشێوەی سەربەخۆ و لەسەر هێڵی داکۆکیکردن لە ئازادی و دیموکراتی و خستنەڕووی گەندەڵی و نادادی و داگیرکاری کاری میدیایی ئەنجامدەدەن و زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنووسن، زۆرکات ڕووبەڕووی فشار، ڕێگری و هەڕەشە دەبنەوە.

 

سنور ڕەحمان خستیەڕوو، "کارەکانمان لە باشووری کوردستاندا و بە دیاریکراوی لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەدا ئاستەنگ دەکرێت و ڕێگری لە کاری میدیاییمان دەکرێت، ئەمەش بە تەواوی ناکۆکە لەگەڵ بنەماکانی ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی و یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەم بارودۆخە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گوشار و مەترسییانەی، کە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە بادینان لە زینداندان و رۆژ دوای رۆژ ئازادی رۆژنامەوانی لە باشووری کوردستان بەرتەسک دەکرێتەوە بە دەیان رۆژنامەوانی وەک وەدات حسێن و کاوە گەرمیانی و چەندانی دیکە شەهید کراون و ژمارەیەکی دیکەش تریش شار بەدەرکراون".

 

هەردوو دەزگاکە ئەوەیان ڕاگەیاند، جیاواز لە ڕێگری کارکردن، لە ڕێگەی دەزگا سیخوڕییەکانی میتی تورک و دەزگای پاراستنی پەدەکەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر و بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کراوە و داوای ئەوەیان لێدەکرێت، لە بەرامبەر پێدانی بڕێک پارە و ئیمتیازی بێ مانادا ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییان بفرۆشین و لە بەرژەوەندی و خواستی ئەواندا کاربکەین، یاخود هەڕەشەی ڕۆحیمان لێدەکرێت، بۆیە جەختیان کردەوە، "هیچ هەڕەشە و گوڕەشە و پێدانی ئیمتیازێک ناتوانێت ڕێگای ڕاستیمان بگۆڕێت، ئەمانە زیاتر هانماندەدات لە خستنە رووی گەندەڵی و داواکاری مافی هاولاتیان و گەیاندنی دەنگە ئازاو بوێرەکانی ناوکۆمەڵگە، بۆیە پێداگرین لە وەستانەوە لە بەرامبەر هەر داگیرکاری و هێرشێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و دەستکەوتەکان دەخاتە مەترسییەوە.

 

" شەڕی ئەلەکترۆنی لە شەڕی درۆنەکان کەمتر نییە"

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و نوێنەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان وتاری خۆیان پێشکەشکرد و ئاماژەیان بەوەدا لە ساڵی ٢٠٢٢ دەبوایە زیاتر باس لە ئازادی ڕۆژنامەنووسان بکرایە نەک بەرتەسک کردنەوەی کارەکانیان، ئێستا ئەوەی دەکرێت بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کارێکی قبوڵنەکراوە، شەڕی ئەلەکترۆنی لە شەڕی درۆنەکان کەمتر نییە.

 

ڕۆژنامەنووسان دەربارەی هێرش و هەڕەشەکانی سەریان وتیان

بێخاڵ قادر، ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی دەسەڵات داوای دەکات لە ئێمە  و هەوڵی گۆڕینی ئاڕاستەی کارەکانمان دەدات، دوورە لە پرنسیپی ئەو کارە ڕۆژنامەنووسیەی فێری بووین، چونکە ئاڕاستەی ئێمە داکۆکیکردنە لە ئازادی بۆیە دەسەڵات بەردەوام ترسی لەو ڕێگەیە هەیە کە ئێمە گرتوومانەتە بەر.

 

بێخاڵ قادر ئاماژەی بە هەڕەشە و فشارەکانی سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس دا و وتی: بە پێچەوانەی ویستی دەسەڵات کار دەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆمان کە ئازادییە، بێگوومان ژنان زیاتر ڕووبەڕووی هەڕەشە و ڕێگرییەکان دەبنەوە وە کاتێک ژنێک دەبێتە ڕۆژنامەنووس زیاتر هەوڵی ڕێگریکردنی دەدرێت.

 

"پێویستە ڕۆژنامەنووسان پشتیوانی یەکدی بن"

ئاڤان نادر، پێشکەشکار لە کۆمپانیای چەتر، پێیوایە ئەگەر ڕۆژنامەنووس لەژێر چەتری دەسەڵات کار نەکات بێگوومان ڕێگری زیاتر دێتە بەردەمی، ئەمەش دەکەوێتە سەر ئیرادەی ئەو ڕۆژنامەنووسە و تا چەند ئیرادەیەکی پۆڵاینی هەیە کە نەکەوێتە ژێر کاریگەری دەسەڵاتەوە، "هەر ڕۆژنامەنووسێک کاتێک هەڕەشە و ڕێگرییەکی لێدەکرێت، پێویستە تەواوی ڕۆژنامەنووسان پشتیوانی بکەن و لەبەردەم دەسەڵات بە ئامانجی دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووسان بووەستنەوە".