بانگهێشتکردنی ئەکتەرە سینەماییەکان بۆ دادگا

دوابەدوای پاڵپشتی هونەرمەندان و ئەکتەران بۆ شۆڕشی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەکیان لەوان شەقایق دەهقان و ئێلناز شاکردووست بانگهێشتی دادگای ئەڤین کران.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوتەریب لەگەڵ درێژەی شۆڕشی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەستبوونی هونەرمەندان، ئەکتەران، وەرزشوانان و گرووپەکانی دیکە بەم ڕاپەڕینە و پاڵپشتیکردنی گەل، گوشار و هەڕەشە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر لایەنگران و هەموو ڕۆژێک ژمارەی دەستگیرکراوان زیاد دەکات یان بانگ دەکرێن بۆ دادگا.

 

هەر لەو پێوەندییەدا، ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران، شەقایق دەهقان و ئێلناز شاکردووست، پاش ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆیان لە بزووتنەوەی ژنان و ئازادیخوازان، بانگهێشتی دادگای ئەڤین کران، لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا، ئێلناز شاکەردووست لە وەڵامی بانگهێشتنامەکەیدا نووسیویەتی "بۆچی دەستگیر بکرێم؟" کاتژمێر ٩ بە تەنیا دێم.

 

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامێکی لێژنەی بەدواداچوون بۆ دۆخی هونەرمەندانی دەستبەسەرکراو لە ئێران ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی ئەو سینەماکارانەی لە ڕاپەڕینی ئێستادا دەستگیرکراون لانیکەم ٤٠ کەس بوون.