وەڵامی ئامەد لە دژی کوشتنی نارین: بێدەنگ نابین

ژنانی ئامەد کاردانەوەیان بەرامبەر ڕووداوەکەی نارین گۆران، کە دوای ١٩ ڕۆژ بیسەروشوێن بوونی بە کوژراوی دۆزرایەوە، دەڕبڕی و ڕایانگەیاند: "ئەوانەی ئێمە دەکوژن ژن نین، پیاون، بۆ ئەوەی ئەم دڕندەییە بەردەوام نەبێت، پێویستە هەمووان هەستینە سەرپێ".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- تەرمی نارین گۆرانی ٨ ساڵ، کە ڕۆژی ٢١ی ئاب لە گەڕەکی چولی سەر بە شارۆچکەی ڕێزان لە ئامەد بێسەروشوێن بوو، دوای ١٩ ڕۆژ لە بێسەروشوێن بوونی دۆزرایەوە. لەسەر دۆسیەکەی ٢٤ کەس دەستبەسەر کراون، کە دایک و باوکی و براکەیشی تێدایە، بڕیاری شاراوە بوون و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی بەردەوامە.

 

ڕاستی ئەم کۆمەڵکوژییە، کە کاردانەوەی گەورەی لە کۆمەڵگەدا بەدوای خۆیدا هێناوە، هێشتا ئاشکرا نەکراوە، ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لایەنە سیاسییەکان و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکەن. خەڵکی ئامەد بە ڕێپێوانێک ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو تاوانە و دروشمی "ئەم وڵاتە بۆ ژنان و منداڵان سەلامەت نییە"، "ئێمە دەترسین بچینە دەرەوە"یان وتەوە و داوایان کرد ئەم توندوتیژی و کۆمەڵکوژییە ئاشکرا بکرێت و چارەسەری پێویست دابنرێت.

 

"نامانەوێت منداڵەکانمان بۆ دەستی پیس بەجێبهێڵین"

چنار تۆپوز، ڕایگەیاند کە تورکیا بۆ ژنان و منداڵان سەلامەت نییە و وتی: هەموو ئەو منداڵانەی کە هەن خاوەندارییان لێدەکەین و پێویستە هەموویان بپارێزین، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر نارین هات، ڕەنگە سبەی یان ڕۆژی دواتر بەسەر هەموو ژناندا بێت، هەر بۆیە بەشداریم لەم ڕێپێوانەدا کرد، ئێمە بریندارین، ڕوون بوو کە دەرئەنجامەکەی بەم شێوەیە دەبێت، ئێمە نازانین کێ کێ دەپارێزێت. گوڵستان دۆکو، نارین، لەیلا، جیاوازی نییە، سەرەتا بە کوشتنی ئاژەڵان دەستیان پێکرد ، دواتر مرۆڤ و منداڵیان کوشت. ڕەنگە یەک بە یەک، ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات، ئەمە کوشتنی بەکۆمەڵ بێت، پێویستە بووترێت بوەستە، ئێمە نامانەوێت منداڵەکانمان بۆ دەستی پیس بەجێبهێڵین، لەو پێناوەشدا خەبات دەکەین، من لێرەم بەبێ ئەوەی سەر بە هیچ حزب و ئایدۆلۆژیایەک بم، پێویستە هەموو شتێک بکەین و دەنگمان بەرز بکەینەوە دژی کۆمەڵکوژییەکە، ڕێگە نادەین هیوای منداڵەکانمان لەناو بچێت، تورکیا وڵاتێکی ئارام نییە بۆ ژن و منداڵ و ئاژەڵان، ئەم کێشەیە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و دەبێت ئەم تێکۆشانە گەورە ببێت.

 

"ئازارم هەیە، چونکە منداڵێکم هەیە"

ئەمینە ئایکان باس لەوە دەکات وەک خێزانێک نیگەرانی سەلامەتی منداڵەکانیانن و دەڵێت: وەک دایکی یەک منداڵ، کچەکەم بەتەنها نانێرم بۆ دەرەوە. لە قوتابخانە دەڵێن ژیانی کۆمەڵایەتی، بەڵام بەداخەوە ژیانی کۆمەڵایەتی بوونی نییە. کاتێک بە تەنیا دەیاننێرین، دەمرن، یان دەکوژرێن. ئەگەر ئەو نارینێکی هەبێت، ئەجرینای منیش هەیە، گرنگ نییە چی بڵێین، من لێرەم بۆ ئەوەی تێکۆشان بۆ ئەوە بکەم، بینینی منداڵێک دوای ١٩ ڕۆژ لە گوندێک بە کوژراوی دەمان ترسێنێت، بەهۆی ئەوەشەوە وەک دایکێک زۆر دەترسم.

 

"ئێمە لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییانە بێدەنگ نابین"

فەلەکناز ئامەدی ڕایگەیاند کە پێویستە تێکۆشان دژی کۆمەڵکوژییەکان زیاتر بکرێت و وتی: لە ماڵەوە هەمیشە بۆی دەگریاین، ڕووداوێکی زۆر پیس و نادادپەروەرانە و بێ مافییە، پێویستە هەمووان دژی ئەم کۆمەڵکوژیانە بوەستنەوە، با کەس بەرامبەر ئەم دڕندەییە بێدەنگ نەبێت، با چیتر منداڵەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن و دەستدرێژی نەبنەوە، ئەمە چەند بوو؟ دۆسیەی چەند منداڵێک بێ سزا مایەوە، با چیتر ئەم تاوانە بۆ کەس نەهێڵرێتەوە، ئەگەر لەسەر ئەم خاکە دادپەروەری هەبوایە، ئەگەر ماف و یاسا و ویژدان هەبوایە، تۆمەتبار لە ڕۆژی یەکەمدا دەستگیر دەکرا. ئەمە یەکەم و دووەم و کۆتا دڕندەیی نییە، ئەم کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین. ئەوانەی ئەم کارەیان کردووە و هاوکارەکانیان شەرمەزار دەکەین، ئێمە لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییانە بێدەنگ نابین. تا ئەم دڕندەییە دەوەستێت تێکۆشان دەکەین. داواکارانی گشتی و دادوەرەکان نابێت ئەمە قبوڵ بکەن.

 

"سیاسەتی پیاوان کۆمەڵگە وێران دەکات"

ڕۆزا کۆلاکان وتی: وەک ژنێکی گەنج هەست بە سەلامەتی ناکەم، بەهۆی سیاسەتی پیاوانەوە هەست بە باشی ناکەم، ئەگەر نارین گۆران ئەمەی بەخۆیەوە بینیبێت، هیچ گەرەنتییەک نییە کە من و خوشکەکانم ئەمە ئەزموون نەکەین، زۆر توڕەم بەهۆی ئەوەی ڕوویدا. ئێمە لە دژی سیاسەتەکانی ئاکەپە-مەهەپە لێرەین. ئێمە بەردەوام دووپاتی دەکەینەوە کە ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ دووبارە دەکاتەوە، ئێمە دەڵێین نا بۆ یاسای کۆمەڵکوژی، لە هەموو شوێنێکدا نیشانی دەدەین کە ئێمە لەگەڵ ژیانداین، ئێمە نەک لە ئاژەڵان، لەو بکوژانە کە خۆیان لە ئەم پیاوانە و سیاسەتانەن، دەترسین. ئێمە هەمیشە دژی ئەوان لێرە دەبین و درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین.

 

"ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین سەلامەت نییە"

تولای کەندی، کە بەشداری ڕێپێوانەکەی کردووە، دەڵێت: بەهۆی ئەم ڕووداوەوە زۆر دڵتەنگم، هەزاران منداڵی وەک نارینمان هەیە، من دەمەوێت ئەم کۆمەڵکوژی و توندوتیژییە کۆتایی پێبێت، ئەو وڵاتەی ئێمە تێیدا دەژین سەلامەت نییە، ناتوانین بە شێوەیەکی ئازاد درێژە بە ژیانمان بدەین، با ئەم کۆمەڵکوژییە کۆتایی پێبێت و هەموو وڵات هەستێتەوە و ڕێگە نەدەن ئەم توندوتیژییە زیاتر بێت، ئیتر بەسە!.