سەنتەرێکی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم لە کۆیە کرایەوە

لە مەراسیمێکدا سەنتەری ئۆتیزمی کۆیە لە شاری کۆیە کرایەوە و ئاماژە بەوەشکرا، لە شارەکە ڕێژەی منداڵانی ئۆتیزم لە زیادبووندایە.

کۆیە

 

دوێنێ لە مەراسیمێکدا سەنتەری ئۆتیزمی کۆیە، کە دەکەوێتە ناو بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کۆیە بە ئامادەبوونی دایکان و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم و کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرایەوە و ئامانج لێی گەشەدانە بە تواناکانی منداڵان لە بواری قسەکردن و نووسین و چالاکییەکانیان.

 

لە مەراسیمەکەدا کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی: سەنتەری ئۆتیزم تەنها ئەوە نییە چاودێری منداڵی ئۆتیزم بکات، بەڵکو لەگەڵ چاودێریکردندا ڕاهێنانیان پێدەکەن، بۆ ئەوەی منداڵەكان بتوانن فێری  قسە و وردبینی بکەن و دواتر بچێتە بەر خوێندن، سەنتەری ئۆتیزمی کۆیە کرایەوە و دوای دابینکردنی مامۆستا لە هەولێر دەست دەکەین بە وەرگرتنی منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەرەکەدا، ئەوەش بە دەستنیشانكردنیان لەلایەن پزیشكەوە بە ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی پسپۆڕ.

 

قومری حەمەد قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی کۆیە، وتی: ئەمڕۆ سەنتەری ئۆتیزمی كۆیه‌ كرایه‌وه‌ كه ‌ده‌كه‌وێته ‌ناو به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی كۆیە، ئەو سەنتەرە زۆر پێویست بوو بۆ سنوری شاری كۆیە، چونكە لەمێژ بوو هەستمان دەكرد ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم لە زیادبووندایە و پێویستیان بە هاوكاریە، تا ئێستا ناوی ٥٠ منداڵی ئۆتیزمان تۆماركردووە و دووبارە دەست دەكەینەوە بە ناو نووسین، هەروەها ١٥ كەسمان بۆ سەنتەرەكە دامەزراندووە بە گرێبەست، کە هەندێكیان مامۆستای تایبەت بە ئۆتیزمن و هەندێكیان توێژەرن.