بۆ مەراسیمی کۆچی دوایی نورا کۆرتیناسی ئەندامی دایکانی پلازا دی مایۆ سەدان کەس کۆبوونەوە

سەدان کەس بەشدارییان لە پرسەی نورا کۆرتیناس یەکێک لە دامەزرێنەرانی دایکانی پلازا دی مایۆ کرد و ئاڵا و گوڵیان لە تەنیشت تابوتەکە دانا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەرجەنتین سەدان کەس بەشدارییان لە پرسەی نورا کۆرتیناس کرد کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دایکانی پلازا دی مایۆ.

 

نۆرا کۆرتیناس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی دایکانی مەیدانی گوڵان "پلازا دی مایۆ" کە بەدوای چارەنووسی ئەو کەسانەدا دەگەڕا کە لە کاتی کودەتا سەربازییەکەی ئەرجەنتین بە ناچاری بێسەروشوێن بوون، پاش مانەوەی لە بەشی چاودێڕی چڕ لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 

دایکانی پلازا دی مایۆ لەلایەن دایکانی ئەرجەنتینی دامەزراوە کە منداڵەکانیان لە سەردەمی دیکتاتۆری سەربازیدا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٨٣ بێسەروشوێن بوون، دایکان یەکەم چالاکیی خۆیان لە ساڵی ١٩٧٧ لە بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی لە پلازا دی مایۆ و کاسا ڕۆزا لە بوینس ئایرێس دەستپێکرد، خەباتی دایکان کە لەچکی سپی دەکەن، ئیلهامبەخش بووە بۆ تەڤگەری مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا.

 

هەروەها نورا کۆرتیناس لایەنگری خەباتی گەلی کورد بوو، لە ساڵی ٢٠١٨ پشتگیری لە مانگرتن لە خواردنی لەیلا گوڤەن کرد کە بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەپێندراو بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان دەستیپێکردبوو، بۆ جاری دووەم لە مانگی ئازاری ٢٠١٩ چووە کوردستان و هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕی، لەم دواییانەشدا بەشداری لە کەمپین و کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی و چالاکییەکانی دژ بە تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورکیا کردووە.

 

هەروەها نورا کۆرتیناس لە نێو بانگەوازەکاندا بوو بۆ هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستیپێکرد.