ژمارەی گیان لەدەستدانی کەرتی غەززە ٣٥ هەزار کەسی تێپەڕاند

بە پێی نوێترین ئامار لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٥ هەزار و ٣٤ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ هەزار ٧٥٥ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە، لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٥ هەزار و ٣٤ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٨ هەزار و  ٧٥٥ كەس.

 

ئاماژە بەوەش كراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٦٣  كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ١١٤ـی دیكەش بریندار بوون، ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢١٩ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

 

لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.