ژمارەی زیانلێکەوتووانی غەززە ١١٣ هەزار کەسی تێپەڕاند

لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٨٤٤ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ هەزار ٤٠٤ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٨٤٤ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٨ هەزار و  ٤٠٤ كەس.

 

باس لەوەشکراوە، ٢١٥ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٤ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.