بە ئاهەنگ لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرز ڕاگیرا
گەلانی ئازاد خواز لە ٤ی نیسانی هەموو ساڵێک بۆ یادی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام دەدرێت، لە باشووری کوردستانیش ئەو یادە بەرز ڕاگیرا.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قوڵقوڵە لە شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان – ڕژاک و چالاکوانان بە بۆنەی ۷٥ەمین ساڵیادی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە خوێندنەوەی هۆنراوەیەک بۆ پیرۆز کردنی ئەو ڕۆژە و چەندین چالاکی هونەری و گۆرانی وتن ئاهەنگیان گێڕا.
هەروەها بە دروشمی " ژن-ژیان-ئازادی"، "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" جەختیان لەسەر ئازادبوونی سەرۆک کردەوە و وتیان ساڵێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکمان ئەم یادە دەکەینەوە.
لە درێژەی چالاکییەکەدا بەیاننامەی دەستەی ژنانی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، لەلایەن ئاڵا ئەبوبەکر خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد:
بەبۆنەی ۷٥ ەمین ساڵیادی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆزبای بە شکۆ لە خۆمان و تەواوی ئازادی خوازانی جیهان دەکەین، ٤ی نیسان سەرەتا بۆ گەلەکەمان و پاشان بۆ تەواوی ئازادی خوازان ڕۆژێکی گرنگ و مێژووییە، چونکە لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی چەمکی ئایدۆلۆژی، سیاسی، ئەخلاقی بزووتنەوەی ئاپۆچێتی لە کوردستاندا بە واتای سەرەتایەکی نوێ و وەچەرخانێکی گرنگی لە مێژووی تێکۆشان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ خۆی هێنا، قۆناغی گەشە کردنی هزری ڕێبەر ئاپۆ و هزری ئازد هەروەها دووبارە لەدایک بوونەوەی نرخ و بەها نەتەوەییەکانە، چونکە سەرهەڵدانی ئەو لە دۆخێکی سەختی داگیرکاری و پاکتاوی نەژادی و بن پێکردنی تەواوی مافە خۆڕسکەکانی نەتەوەکەمان بوو، لەوکاتەدا بوو کە باشترین کورد کوردێکی مردوو بوو، کاتێک دەڵێین لەدایکبوونی سەرۆک پیرۆزبێت واتە لە دایک بونی فکرێکی تازە لەدایک بوو بۆ ئازادی گەلان هاتە ئاراوە.
باس لەوەش کرابوو، کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە باشووری کوردستان بەردەوام بە ڕێپێوان و چالاکی جۆراوجۆر، گەلی کورد لەسەر ڕێگەی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بوون و فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیان پاراستووە.
هەروەها ئاماژەش بە نەورۆزی ئەمساڵ وەک نەورۆزی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و پەیامی بەردەوامی و کۆڵنەدان درابوو، باس لەوە کرا کە نەورۆزی ئەمساڵ بوە پەیام بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تورکیا و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەلی کورد.
لە کۆتاییدا ئامادەبووان بە ئاهەنگگێڕان و ئێوارە خوانێک کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا.