"بەهۆی نەبوونی شوێنەوە زیندانییەکان بە نۆرە دەخەون"

زیندانییەکانی زیندانی ئەخیساری مانیسا بەهۆی نەبوونی شوێن لە ژوورەکاندا بە نۆرە دەخەون، لەو زیندانەدا ئاوی گەرمی تێدا نییە و ئەو جلوبەرگانەی بۆ زیندانییەکان دەنێردرێت فڕێدەدرێنە ناو زبڵدان.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- مانگرتن لە خواردن لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ داوای "چارەسەری دیموکراسی بۆ پرسی کورد" و "ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان" لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد و بەردەوامە، لەگەڵ مانگرتن لە خواردن فشار لەسەر زیندانییەکان زیادی کرد، ئەو زیندانیانەی کە بەشداری لە مانگرتنەکە دەکەن سزای دیسپلینیان دەدرێت و زیندانییەکان لە هەندێک زیندان ناتوانن پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن، یەکێک لەو زیندانانە زیندانی ئەخیسارا مانیسایە.

 

قادریە سیرەک ئاماژەی بەوەکرد، لە زیندانی ئەخیسارا مانیسا کە کوڕەکەی شەڤدار سیرەک تێیدا زانیدانی کراوە،هیچ شوێنێک نییە بۆ زیندانییەکان بۆ خەوتن، ٣٢ زیندانی لەناو قاوشێکدا ماونەتەوە و بە نۆرە دەخەون، چەندین کێشەی دیکە لە زینداندا هەیە و فشارەکان کۆتاییان پێ نەهاتووە، سەرەڕای تەواو کردنی سزای ٩ ساڵ زیندانیکردنی کوڕەکەی، بەڵام بەبیانووی ڕەفتاری خراپ بۆ ماوەی ٦ مانگە ئازاد نەکراوە.

 

"زیندانییەکان بە نۆرە دەخەون"

قادریە سیرەک کە لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا قسەی کرد، باسی ئەو کێشانەی زیندانییەکان دەکات کە تێیدا دەژین، وتی: ٣٢ کەس لەو قاوشەدان کە کوڕەکەم تێیدا دەژی، ئەم کەسانە تەنانەت ناتوانن شوێنێک بدۆزنەوە بۆ خەوتن، هەندێک لە زیندانییەکان ناچار دەکرێن لەسەر زەوی بخەون و هەندێکیش ناچار دەکرێن بەنۆرە بخەون و ئێشکگر بن، زۆربەی کات زیندانییەکان خواردنیان پێنادرێت و زۆرجار شتی پیس لەو خواردنانەدا دەردەکەون کە پێیان دەدرێت، هەروەها ئەو جلوبەرگانەی بۆ زیندانەکان دەنێردرێن فڕێدەدرێنە ناو زبڵ و ئاوی گەرم بۆ شوشتن دابین ناکرێت، ئایا ئەم فشارە تا چەند بەردەوام دەبێت؟ بێگومان ئەم دڕندەییە کۆتایی دێت.

 

"کوڕەکەم، کە سزاکەی کۆتایی هاتووە، بۆ ماوەی ٦ مانگە ئازاد نەکراوە"

قادریە سیرەک کاردانەوەی نیشانداو ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی کوڕەکەی سزاکەی کۆتایی هاتووە بەڵام ئازاد نەکراوە، وتی: چەندین ساڵە لەبەردەم دەروازەکانی زیندان چاوەڕێ دەکەین، چیتر نەخۆشییەک نەماوە لە ئەژنۆکانمدا دروست نەبێت، چەندین ساڵە نەمتوانیوە کوڕەکەم ببینم، سزاکەی کۆتایی هات بەڵام ئازاد ناکرێت، بۆچی ئازادی ناکەن؟ لەبەر ئەوەی نەیوت داوای لێبوردن دەکەم ماوەی ٦ مانگە پرۆسەیەکی نایاسایی ئەنجامدراوە نەک هەر کوڕەکەم، بەڵکو سەدان زیندانیش بەو شێوەیە ئازاد ناکرێن، ئێستا دەمانەوێت منداڵەکانمان ببینین، خۆمان و منداڵەکانمان ئەم دۆخە قبوڵ ناکەین.

 

"با کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دابمەزرێندرێت"

قادریە سیرەک لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر مانگرتن لە خواردن و ئێشکگری دادوەری کە لەلایەن بنەماڵەی زیندانییەکانەوە دەستیپێکردووە و وتی: کلیلی ئاشتی لە ئیمڕالییە، پێویستە کۆبوونەوەکان دەستبەجێ دەستپێبکەن، ئەمڕۆ لێرە دادەنیشین بۆ شکاندنی گۆشەگیرییەکە و کۆتایی هێنان بەو ئەشکەنجەیە، ئەم دڕندەییە تەنها بە ئاشتی کۆتایی دێت، ئەوان دان بە ماف و یاسادا نانێن بۆ گەلی کورد، با هەموو کەسێک ئەمڕۆ ئەم ئەشکەنجەیە ببینێت و هەستێتە سەر پێ، با خەڵک پشتگیریمان بکەن و ببنە دەنگی زیندانەکان، پێویستە پێکەوە بوەستین، هەتا ئەو کاتەی یەکگرتوو نەبین ناتوانین هیچ شتێک بەدەست بهێنین.