بە پێشەنگایەتی مامۆستایانی ژن ناڕەزایەتی مامۆستایان بەردەوامە

سزادانی مامۆستایانی ناڕازی و دوورخستنەوەیان لە هۆڵەکانی خوێندن ناڕەزایەتی بەرفراوانی مامۆستایانی لێکەوتەوە و لە سلێمانی مامۆستایان خۆپیشاندانیان کرد.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و سەرکۆنەی سزادانی نزیکەی ٣٠٠ مامۆستایان کرد، کە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لە خوێندنگەکانیانەوە بۆ خوێندنگەی دیکە گواستراونەتەوە.

 

مامۆستایانی ژن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان نیشانداوە و پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەکانیان دەکەن و دروشمیان لە دژی دەسەڵات وتەوە، مامۆستایان داوای ماف و دادپەروەریی بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان دەکەن و داوایان کرد مافی فەرمانبەران و مامۆستایانیان دەستەبەر بکرێت، دووپاتیشیان کردەوە کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و بایکۆت.

 

ژنان دەنگی ناڕەزایەتییەکان بەرز دەکەنەوە

نەسرین حەمە ئەمین، مامۆستای ناڕازییە و وتی: ماوەی پێنچ مانگە بۆ داواکردنی مافەکانی خۆمان و هەموو توێژەکانی دیکە لە خۆپیشانداین، بەڵام ئەوەی جیاوازە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا، ئەوەیە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە دەکەین کە بەسەر نزیکەی ٣٠٠ مامۆستادا سەپێنراوە و لە خوێندنگەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

مامۆستا نەسرین حەمە ئەمین باسی لەوەشکرد، لەسەر سزادانی مامۆستایان چەندین لیژنەی پارێزەریان پێکهێناوە و داکۆکی لە کەیسەکانیان دەکەن، وتیشی: ئەگەر نەتوانین لە دادگای هەرێم بەرگری لە مافەکانمان بکەین، ئێمە کەیسەکەمان دەبەینە دادگای فیدڕاڵی عێراق.

 

نەغەدە شێخ عوسمان، وەک فەرمانبەرێک لە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان بەشدارە و پشتگیری مامۆستایانە و وتی: ئێمە دەمانەوێت ئەو یاسا و سزایانە بە هێز و ئیرادەی خەڵک پوچەڵ بکەینەوە کە بەرامبەر مامۆستا سەپێندراوە، بە پشتیوانی ناڕەزایەتییەکان و بەردەوام بوون لە خۆپیشاندانەکان تا وەکو مافەکانمان دەستەبەر نەکەین واز لە بایکۆت و داواکارییەکانمان ناهێنین.

 

مامۆستایانی ناڕازی لە درێژەی گردبوونەوەکەیاندا بە ڕێپێوان چوونە بەردەم دادگای سلێمانی، بێخال محەمەد، مامۆستای ناڕازی و بەشداری خۆپیشاندانەکە وتی: وەک مامۆستای دامەزراو بەشداری خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەردەم بەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانیم کرد بۆ وەرگرتنی مافەکانمان و جێبەجێکردنی داواکارییەکان، تائێستا هیچ دواکارییەکمان جێبەجەێ نەکراوە و دووپاتی دەکەینەوە بایکۆت بەردەوامە و خۆپیشاندان بەردەوام دەکەین، وەهەروەها پشتگیری ئەو مامۆستایانە دەکەین کە سزا دراون.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا نوێنەری مامۆستایان خستیەڕوو، کە بەردەوام جەخت لەسەر خاڵ بە خاڵی داواکارییەکانی مامۆستیان دەکەنەوە و دوای مافی دابینکردنی بژێوی و مافە سەرەتاییەکانی هەر تاکێک دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆی و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییان ئاگادار کردووەتەوە، بۆ ئەوەی چیتر داواکارییەکانی مامۆستایان پشتگوێ نەخرێن و داواکارییەکانیان جێجەجێب کرێت، هەروەها سزا لەسەر مامۆستا لاببرێت و مووچەکانیان بدرێت.