هەڵەبجە، دوای چوار مانگ مامۆستایان جەخت لە داواکانیان دەکەنەوە

پاش تێپەڕینی چوار مانگ بەسەر خۆپیشاندانی مامۆستایان و هەڕەشە و گوشارەکانی سەریان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەردەوامن لە بایکۆت و ئەمڕۆش لە شار و شارۆچکەکان خۆپیشاندان بەردەوام بوو.

هەڵەبجە

 

بە دروشمی "ڕێگامان سەختە بەڵام بێدەنگ نابین"، "خەبات بۆ ئەوەی سەرکەوێت، مەردی مەیدانی دەوێت" و چەندین دروشمی دیکە، لە شاری هەڵەبجە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی خۆپیشاندانیان کرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە پیشەوەران و کاسبکاران بەشدارییان کرد.

 

شانۆ عەبدوڵا، ماوەی ١٢ ساڵە خوێندنی تەواو کردووە و دانەمەزراوە، دایکی دوو قوتابیە، ئەمڕۆ بەشداری خۆپیشاندان بووە و باس لەوە دەکات، کە بەردەوام لەگەڵ دەنگی نارازییە، وتیشی: تاوەکو ئێستا هەلی کارم بۆ نەڕەخساوە، ئامادە نیم منداڵەکانم بنێرمە بەر خوێندن، چونکە حکومەت بێ باکە و وەڵامی مامۆستایان ناداتەوە.

 

کەلسوم سەباح، مامۆستای وانەبێژە لە گوند، دەڵێت: بەڕێوەبەرەکەمان نەکەوتووەتە ژێر فشاری حزبی تاکو ئێستاش ئامادە نین بگەڕێینەوە.

 

خۆپیشاندانی مامۆسایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کاتێکدایە مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردوو نەدراوە و سەرجەم پلە بەرزکردنەوەکان ڕاگیراوە.