چالاکوانێکی مافی مرۆڤ سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا

غەزالە زارعی، چالاکوانی مافی منداڵان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی خورەم ئابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ٣ ساڵ زیندان و کاری قورس و سزای تەواوکەر سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠٢٣ەوە غەزالە زارعی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و منداڵانیان دەستبەسەر کرد و لە دادگای ئینقلابی ئیسلامی لقی دوو لە خورەم ئابادی ناوچەی لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سزای ساڵیک زیندانی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستم" و دوو ساڵ زیندانی بە تۆمەتی "پێکهێنانی گروپ بە ئامانجی ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی وڵات"ی بەسەردا سەپاند، بە کۆی سزاکە دادگا سێ ساڵ زیندانی بە کاری قورس و سزای تەواوکەری سەپاندووە.

 

دادگا سیمیناری زاری بۆ شیکردنەوەی پەرتوکی بە نموونەیەک لە سزاکان داناوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە غەزالە لە سیمینارێکدا شیکردنەوەی بۆ پەرتوکی "بێ سنوور" کردووە، کە تێیدا نووسەر جیاوازی نێوان عەقڵیەتی سنووردار و عەقڵیەتی بێسنووری ڕوون کردووەتەوە.

 

غەزالە زارعی سەرەتای مانگی ئابی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی خوڕەم ئاباد، ئەو چالاکوانە چەندین پەرتوکخانە و ناوەندی گەشەپێدانی هزری بۆ منداڵان و گەنجان بەڕێوەدەبات، هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوێکی خێرخوازی کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵانی شەقام و گەنجانی کار.