دانیشتووانی قامیشلۆ بەڵێنی تێکۆشانیان دووپات کردەوە

دانیشتووانی شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەبارەت بە ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، تێکۆشان بەرز دەکەنەوە.

قامیشلۆ

 

تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ هێرشیان کردە سەر عەفرین و دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی گەل، عەفرین داگیر کرا، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١یشدا شانەکانی چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر زیندانی سەنعا لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام بە بەرخۆدانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە، هەوڵەکانیان پوچەڵ کرایەوە.

 

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دانیشتووانی شاری قامیشلۆ، لە ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکانی سەر عەفرین و هێرشی شانەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانی سەنعا گردبوونەوە و بە بەیاننامەیەک سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد.

 

حوریە شەمدین، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شاری قامیشلۆ بەیاننامەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، لە یادی شەشەمین ساڵیادی هێرشەکانی سەر عەفریندا، دەوڵەتی تورکیا و هاوبەشەکانی تا ئێستاش کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن و بەردەوامن، لە عەفرین ١٨٠ هەزار کورد لەسەر خاکی خۆیان بوون، لە بەرامبەر قورسترین تەکنیکە سەربازییەکان بەرخۆدانیان کرد، تورکیا دەیەوێت پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری لەناو ببات، ئەمڕۆ تورکیا دیمۆگرافیای ئەو خاکانە دەگۆڕێت کە داگیری کردوون، نەک هەر لەو ناوچانە، بەڵکو دەوڵەتی تورک دەیەوێت ڕۆحی کوردستان لەبەردەم جیهاندا لەناو ببات.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "جگە لە لەشکرکێشی، دەوڵەتی تورکیا ویستی تیرۆر زیندوو بکاتەوە بە هاندانی شانە شاراوەکانی داعش بە هێرشکردنە سەر زیندانی سەنعای حەسەکە کە هەزاران چەتەی داعشی تێدایە، جارێکی تر بەرخۆدانی هێزە ئەمنییەکان و گەل لە دژی پلانە گڵاوەکان بە شەهیدبوونی ١٢١ شەڕڤان پلانەکان پوچەڵ کرایەوە. بۆ سەقامگیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە بۆ سەرجەم دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری و خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دانیشتووانی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی کە ڕێبازی شەهیدەکانمان پەیڕەو دەکەین، لە هەمان کاتدا پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری ببەنەوە و جارێکی تر عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی ڕزگار بکەن و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دابمەزرێنن.

 

ڕاگەیاندنەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی عەفرین" کۆتایی هات.