ژنانی عەفرین: هەرگیز دادگایی کردنی ژنان قبوڵ ناکەین
ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ کانتۆنی شەهبا بڕیارەکەی دەوڵەتی تورک بۆ دادگاییکردنی ژنان لە عەفرین شەرمەزار دەکەن و دەڵێن: پێویستە عەفرین لە دەستی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک ئازاد بکرێت.
حەسنا محەمەد
شەهبا- ٧ ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕ دەبێت، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨، عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانییەوە داگیر کرا، لەو ڕۆژەوە تا ئەم ساتە، کردەوە خراپەکانی وەک؛ کۆمەڵکوژی، ڕفاندن، لێدان، ئەشکەنجە و هەراسانکردن لە دژی گەل و بە تایبەتی ژنان ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی ڕابردوودا ١٠ ژن لەلایەن دادگاکانی تورکیاوە سزای زیندانی تاهەتایی و لەسێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
"بڕیاری دادگاییکردنی ژنان قبوڵ ناکەین"
حەیات ئیبراهیم ئەو کردەوانەی لە عەفرینی داگیرکراو لە دژی ژنان ئەنجام دراون، شەرمەزار کردو وتی: کردارەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە عەفرین لە دژی هەموو گەل و ژنان شەرمەزار دەکەین، دەوڵەتی تورکیا خۆی دەوڵەتێکی داگیرکەرەو بە چی مافێک سزای ژنان دەدات و دادگاییان دەکات، ئەو ژنانەی کە دادگایی دەکرێن سوورین و دەبێت حکومەتی شام دژی ئەم بڕیارە بوەستێت، دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها کردارەکانی خۆی لە دژی ژنانی کورد ئەنجام دەدات، بەرامبەر ژنانی عەرەبیش ئەنجامی دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی شام بەردەوامە لە بێدەنگییەکەی و هیچ هەڵوێستێکی لە دژی ئەو بڕیارە نەگرتووەتەبەر.
"ترسیان لە هێز و بیری ژنان هەیە"
هێڤین محەمەد هەڵوێستی خۆی لە دژی بڕیارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دادگاییکردنی ژنان لە عەفرین دەربڕی و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکرد، لە عەفرین، هەموو کردەوەکان لە سەرەتای داگیرکارییەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوام بوون، بەتایبەتی لەسەر ژنان، ئەردۆغان لە هێزو بیری ژنان دەترسێت، بۆیە ژنان لە زیندانەکاندا دەستگیرکراون و فەرمانی دادگایی کردنیان دراوە، هەروەها سزای لە سێدارەدانی دوو ژن دەرکراوە، کوا ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەو کردارانەدا؟ عەفرین بەشێکە لە خاکی سووریا و هیچ شوێنێکی بۆ تورکەکان تێدا نییە، لەبەر ئەوەی ژنان لە عەفرین ماونەتەوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان، ڕووبەڕووی کردەوەی دڕندانە دەبنەوە، هەرگیز بێدەنگی لە دژی ئەم کردارانە قبوڵ ناکەین و داوامان ئەوەیە بکوژەکان بەرپرسیار بکرێن و ژنان ئازاد بکرێن.
"دەبێت لێپێچینەوە لە ئەردۆغان بکرێت"
حەمیدە محەمەد جەختیکردەوە لەوەی دەبێت ئەردۆغان بەرپرسیار بکرێت لە دادگاییکردنی ژنان لە عەفرین و وتی: لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە، گەل و ژنان هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و لێدان و ڕفاندن و کۆمەڵکوژی و هەراسانکردن بوونەتەوە، هەموو ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان، بەڵام ئەوان ڕۆڵیان نییە لەبەرامبەر کردارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە عەفرین دامەزراوەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەیە، بەڵام تەنها ناوێکە، ئەردۆغان هێرش دەکاتە سەر هەموو شتێک لە عەفرین، دەبێت خاوەنداری لە کۆمەڵگەی عەفرین بکرێت و ئەردۆغان لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت.