کۆنگرەی ستار ١٩ ساڵە خەبات بۆ بەهێزکردنی ژنان دەکات

ژنان لە ناوچەی سارینی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەیان بەوەکرد، کۆنگرەی ستار لە ماوەی ١٩ ساڵی خەباتیدا کاری بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و بەشداریکردنیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردووە.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- لە ڕێگەی ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کۆنگرەی ستار هەوڵدەدات بنەماکانی خۆی بڵاو بکاتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکی ئازادی ژنان و پشتیوانیکردنی سیستمێکی بەشداریکردنی یەکسانی ڕەگەزی و هەروەها پاراستنی ماف و سروشتی ژنان.

 

کۆنگرەی ستار لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوا دامەزرا و لە سەرەتاکانیدا لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دەستپێکردنی بۆنە و چالاکی جۆراوجۆر بە نهێنی کاری کرد بۆ پەروەردەکردنی ژنان دەربارەی مەترسییەکانی دەوروبەریان و ڕێکخستنیان بۆ ئەوەی ببنە یەکێک لە گروپە چالاکەکانی کۆمەڵگە.

 

بەبۆنەی نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار، ژنانی ناوچەی سارین لە هەرێمی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختیان لە ڕۆڵی کۆنگرەکە لە ڕێکخستنی ژناندا کردەوە.

 

"بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە هەموو بوارەکاندا"

مۆنا مستەفا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی سارین وتی: دوای ئەوەی خۆبەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کاروبارەکانی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، مەودای کارەکانی کۆنگرەی ستار فراوان بوو، کۆنگرەی ساڵانەی لە ساڵی ٢٠١٦بەڕێوەچوو، بریتی بوو لە ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی هۆشیاری و لەخۆگرتنی هەموو ژنان و لە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە، چونکە کۆنگرەکە دەستکەوتی زۆری لە هەموو بوارەکانی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بەدەستهێنا و بوو بە سەرچاوەی هێز و سەلامەتی بۆ هەر ژنێک کە ڕووبەڕووی هەر جۆرە توندوتیژییەک دەبێتەوە، بۆ دابینکردنی پشتیوانی لە ڕێگەی لیژنە جۆراوجۆرەکانی وەک لیژنەی تەندروستی و پەروەردەو هەروەها پاراستنی بنەڕەتی و لیژنەی ماف و دادپەروەری بۆ ژنان و لیژنەی کولتوور، لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هتد.

 

"لەگەڵ شۆڕش بوونی کۆنگرەی ستار زیادی کرد"

مونا مستەفا وتیشی: دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢، کۆنگرەی ستار بوونی لەناو ژناندا زیاد کرد، پشتیوانی بۆ هەموو ژنانی ستەملێکراو دابین کردووە سەرەڕای ئەو زەحمەتی و بەربەستانەی ڕووبەڕووی ئەو بیرکردنەوەیە بوونەتەوە کە هەوڵدەدات ڕۆڵی ژنان بشارێتەوە و لەژێر باری داب و نەریتە کۆنەکاندا بیانهێڵێتەوە، بەڵام دوای ئەو هۆشیارییەی کە ژنان لە کۆنگرەکەوە وەریان گرت، بۆیان دەرکەوت ئەوە دیارترین لایەنگری ئەوان و شوێنێکی پارێزراوە کە دەتوانن پشتی پێ ببەستن کاتێک ڕووبەڕووی هەر توندوتیژی و پێشێلکارییەک دەبنەوە، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆنگرەوە ئامانجی ڕوون و ئاشکرایە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەناو گروپەکانی کۆمەڵگەدا و بەدەستهێنانی یەکسانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

 

"دەزگاکانی ژنان وەک پەناگەیەک بۆ ژنان دادەنرێن"

نادا ئەلجادر جەختی لەوە کردەوە دامەزراندنی کۆنگرەی ستار هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگە بۆ هەموو ژنان، چونکە لەسەر بنەمای یەکسانی و پاراستنی ژنان و بەرزکردنەوەی مافەکانیان دامەزراوە کە دزراون، دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بووە شوێنی ژنانی ستەملێکراو، لە ماوەی پێش دامەزراندنی کۆنگرەکەدا ژنان پەراوێزخرابوون، ڕۆڵیان نەبوو، بۆیە مافی ئەوەیان نەبوو بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە، چونکە ئەمڕۆ بە تەواوی ئازادی خۆیان دەبینن بەهۆی شۆڕشی ژنان و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتووە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕاستی هەموو ژنان.

 

وتیشی: هیوادارین هەموو ژنان پشتیوانی لە کۆنگرەی ستار بکەن کە بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکات لە هەرێمەکەدا، بە سایەی ئەم کۆنگرەیە ژنانی عەرەبی کە ماوەیەکی زۆرە ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، بوونەتە خاوەنی بڕیارێکی تایبەت، کۆنگرەی ستارو هەموو دەزگاکانی ژنان پەناگەیەکە بۆ ژنان.

 

"توانیم بەرگری لە کەیسەکەم بکەم"

لە لایەکی دیکەوە، دوعا ناسر، ئەندامی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچەی سارین، وتی: کۆمەڵگەکەمان لەسەر بنەمای داب و نەریتە و یاساکانی خۆی سەپاندووە لەسەر ژنان، بۆیە ئەم داب و نەریتە کۆنانە کۆمەڵگە و ژنان کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵام دوای دامەزراندنی کۆنگرەی ستار لە سارین، ژنان هەنگاوی ئەرێنییان لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژیان و بیرکردنەوەکانیاندا ناوە، یەکەم لایەنگری ئەو ژنانەیە کە ڕووبەڕووی کۆیلایەتی و نادادپەروەری دەبنەوە لەلایەن بیری پیاوسالارییەوە، دوای پەروەردەکردنی ژنان، دەربارەی ڕاستی و ناسنامەی خۆیان فێربوون و بەم شێوەیە توانیان ڕووبەڕووی ئەو داب و نەریتانە ببنەوە کە کۆت و زنجیریان دەکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دوو ساڵ لەمەوبەر دەستم کرد بە کارکردن لە ڕێکخراوی سارا و شانازی بە کارەکەمەوە دەکەم چونکە بە هەموو هێز و ئیرادەی خۆم بەشداری دەکەم بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، گۆڕانکارییەکی ئەرێنیم لە بیرکردنەوە و پێکهێنانی کەسایەتیمدا بەدەستهێناوە.