٩٦ ڕێکخراو داوای داخستنی ئاسمانی ڕۆژئاوا دەکەن

٩٦ دامەزراوەی یاسایی و مەدەنی سووریا کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی و داوای داخستنی ئاسمانی ناوچەکەیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بانگەوازێکدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یاسایی سووریا، ڕایانگەیاند هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە، هێرشێکی دڕندانە و فراوان ئەنجام دەدەن بۆ سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەمەش ئاسمان و سەروەری سووریا لەگەڵ بنەما و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا پێشێل دەکات.

 

 لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا وێرانکاری و زیانی گەورە بە ژێرخان و باڵەخانە ستراتیژییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان و خزمەتگوزاری و موڵکی گشتی و تایبەت و گشتی ناوچەکە گەیشتووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون.

 

داوای پێکهێنانی لیژنەیەک کرا

ڕێکخراوەکانی یاسایی و کۆمەڵگەی مەدەنی سووریا داواکارییان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پەیوەندییان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە هەیە و داوایان کرد:

 

ئاسمانی هەرێمەکە بەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دابخرێت.

هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی سووریا بکشێنەوە.

لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی هەرێمەکە پێکبهێندرێت.

پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دامەزراوە یاساییەکانی لەبەرامبەر هێرشەکان بوەستن.