لە گوندی مەرغانی سەردەشت ژنێک کوژرا

لە درێژەی یاساکانی پیاوسالاری و ژنکوژی کۆماری ئیسلامی، فاتمە محەممەد پەناهی تەمەن ١٧ ساڵ لە یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت بە دەمانچە کوژرا.

سەردەشت

 

کاتێکی زۆر بەسەر کوشتنی هایدە لە شاری سەردەشت تێنەپەڕیوە، کە هەواڵی کوشتنی ژنێکی دیکە لە گوندی مەرغانی سەر بە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەبێتەوە.

 

٢٩ی ئەیلوول، فاتمە محەمەد پەناهی، کچی محەمەد عەلی سوری مەرغان، بە دەستی دوو براکەی بە ناوەکانی عەلی و بێهزاد و شەهاب مەرغانی هاوژینی کوژرا، فاتمە منداڵی لە بنەماڵەیەکدا گەورە بووە کە شاهیدی هەموو جۆرە جیاکارییەک بوون بەرامبەر بە ژنان، باوکی خاوەنی چوار ژنە، فاتمەش لە تەمەنی گەنجیدا وەک دایکی بووەتە قوربانی کولتووری پیاوسالاری و ستەمی سیاسی و لە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە هاوسەرگیری پێکراوە.

 

مەرغان گوندێکی سەردەشتە، ساڵانە ژنکوژی زۆری تێدا ڕوودەدات، دوو ساڵ لەمەوبەر ژنێکی دیکە بە ناوی وەفا عەبدوڵاپوور لەلایەن ئامۆزاکەیەوە لە حەوشەی ماڵەکەیدا بە دەمانچە کوژرا و بە هۆی هەڕەشەکردن لە چالاکوانانی ژن لەلایەن پیاوانی ئەو بنەماڵەیە، هەواڵی کوشتنی وەفا وەک پێویست لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو نەکرایەوە.