کۆنفرانسی ژنان لە تورکیا دەستیپێکرد و فیگەن یوکسەکداغ و گوڵتان کشاناک پەیامیان نارد

کۆنفرانسی ژنان لە ئەنقەرەی وڵاتی تورکیا دەستی پێکرد و لە زیندانەوە پەیامی بەرخۆدان و بەردەوامی تێکۆشان پێشکەشی ژنان کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز "کۆنفرانسی گەورەی ژنان" لە ئەنقەرە بە دروشمی "ئێمە بە سەرهەڵدان بە ڕێکخستن دەبین، ئازادی خۆمان دەپارێزین" دەستی پێکرد، لە ماوەی ٨-٩ی ئەیلوولدا، ژنان لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە گۆشەگیری، سیاسەتی شەڕی تایبەت، کۆمەڵکوژی ژنان، قەیرانی ئابووری و کۆبوونەوە گشتییەکان کە لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێن، گفتوگۆ دەکەن.

 

سیاسەتمەدارانی زیندانیکراو، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد گوڵتان کشاناک پەیامیان بۆ کۆنفرانسەکە نارد و تیایدا هاتووە،

 

"ژنانی خۆشەویست، هاوڕێیانی بەڕێز سڵاو لە هەمووتان، لە کۆنفرانسەکەماندا کە لە ئەنجامی کارە بەردەوامەکان بەڕێوەچوو، دڵنیاین کە ئێمەش بەشی خۆمانی تیایدا وەردەگرین، ئێمە هەرگیز لەبیرمان نەچووە کە ئیرادەی ژنان بنەمای سەرکەوتنی کاری پێکەوەییمانە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بەرەو پێشەوە دەڕۆین. ئێمە هاوڕێی ژنتانین لە زیندانەوە لەگەڵ ئێوەین، با بگەڕێینەوە دواوە و سەیری ئەوە بکەین کە بە سەرکەوتوویی چیمان بەدەست هێناوە و بە شانازییەوە چ ڕێگایەکی سەختمان بڕیوە، بە هێزی دەست لێنەدراوی ژنان، بە زانست و ئیرادەی ژن، بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان، ئەم ڕێگایە تێدەپەڕێنین، سڵاو و خۆشەویستی خۆمان بۆ هەمووتان دەنێرین، بە خۆشەویستی و هیوا و خۆڕاگرییەوە بمێننەوە".