بەهۆی ڕووخانی پردێکەوە ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ڕووخانی پردێکەوە لە ویلایەتی میزۆرامی لە هیندستان ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بێ سەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆک وەزیرانی سەرەکی ویلایەتی میزۆرامی هیندستان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی داڕمانی پردێک لە کاتی دروستکردنیدا لە ناوچەی سێرانگ، نزیک شاری ئایزۆڵ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی هیندستان، لانیکەم ١٧ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

 

میدیا ناوخۆییەکان لە زاری پۆلیسەوە بڵاویانکردەوە، لە کاتی ڕووداوەکەدا ٤٠ کرێکاری بیناسازی لەسەر پردەکە هەبوون، ئەفسەرێکی پۆلیسیش دەڵێت: "تا ئێستا تەرمی ١٧ کرێکار لە ژێر داروپەردوودا دەرهێنراون، ژمارەیەکی زۆری دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

 

داڕمانەکە نزیکەی کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕوویداوە، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆمپانیای بەرپرسی کارەکان وتی: تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە و ژمارەی ئەو کەسانەمان پشتڕاست نەکردووەتەوە، کە لە کاتی ڕووخانی پردەکەدا لەسەر پردەکەدا بوون.

 

پردەکە چەند ساڵێکە لە پرۆسەی دروستکردنی دایە، بۆ بەستنەوەی هێڵی ئاسن بەرەو شاری ئایزۆڵ.