هەورە بروسکە سێ هەزار دۆنم پوش و پاوانی لە سنووری پێنجوێن سووتاند

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشکرای کرد، بەهۆى هەورە بروسکەوە ئاگرێکى فراوان ٥ گوندی سنووری پێنجوێن کەوتەوە و لە ئەنجامدا سێ هەزار دۆنم، پووش و پاوان سووتان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بە تایبەت لەمساڵدا ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان ڕووى لە زیادبوون کردووە و بە هۆیانەوە هەزاران دۆنم لە پووش و پاوان و ڕەز و باخ و دانەوێڵەی هاوڵاتییان سووتاون، لە نوێترین ڕووداودا ئاگرێکی فراوان لە ٥ گوندی سنووری پێنجوێن کەوتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆى هەورە بروسکەوە ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، شێرە، میشاو، نەرمەڵاس، بایەڵان، سریسان لە سنوورى شارۆچکەى پێنجوێن کەوتەوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە سێ هەزار دۆنم لە پووش و پاوان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە.