دوو بەلەم لە ئیتاڵیا نوقم بوون، دەیان کۆچبەر بێسەروشوێنن

لە کەناراوەکانی دورگەی لامپێدوسا ٢ کەشتی بە کۆچبەرانەوە لە ئاوەدا نوقم بوون، تەرمی دایکێک و منداڵەکەی دۆزرایەوە و تا ئێستا ٣٠ کەس بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، دوو بەلەم لەگەڵ کۆچبەران لە کەناراوەکانی لامپێدوسا نوقم بوون، بەپێی ڕاگەیەندراوێک، ٢ کەس، کە ژنێکی خەڵکی کەناری عاج و منداڵێکن، گیانیان لەدەستداوە، ٥٧ کەس ڕزگارکراون و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

 

باس لەوەش کراوە کە کەشتییەکە لە کەناراوەکانی سەفاکەس و تونسەوە بەڕێکەوتووە، بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەو کەشتیانەی پێشتر لە ئەوروپا بوون، دوێنێ لە کەناراوەکانی لامپێدوسا نقوم بوون، کە لە بەلەمێکدا ٤٨ کەس و لە بەلەمەکەی تردا ٤٢ کەس بوون.

 

ئەمساڵ ٩٢ هەزار کەس کۆچیان کردووە

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٩٢ هەزار کۆچبەر و پەنابەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، لە ساڵی ٢٠٢٢شدا زیاتر لە ٤٢ هەزار و ٦٠٠ کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە کەنارەکانی ئیتاڵیا.