ئەفغانستان، قوربانییەکی دەستدرێژی سێکسی لە زیندان ئەشکەنجە دەدرێت

دوای ئازادکردنی، ئیلاهە دەلاورزی، خوێندکاری پزیشکی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە لەلایەن تاڵیبانەوە ئەشکەنجە دراوە بە مەبەستی دانپێدانانێکی زۆرەملێ لێی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا ئیلاهە دەلاورزی، خوێندکاری پزیشکیی ٢٤ ساڵ، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسێکی پێشووی تاڵیبان، دوای دەستدرێژیکردنە سەری، بە زۆر هاوسەرگیری لەگەڵیدا کردووە، ڕوونیشیکردووەتەوە، کە لەلایەن ئەوەوە ئەشکەنجە و هەڕەشەی لێکراوە، هەروەها ڕێگری لێکردووە لە خانووەکەی تیایدا بووە، بڕوات.
 

 

دوای ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە قاری سەعید خوستی، وتەبێژی پێشووی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان بەرامبەر ئیلاهە دەلاورزی ئەنجامدابوو، تاڵیبان لە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە تۆمەتی ناوزڕاندن ئیلاهەی دەستگیر کرد.

 

دوای ئازادبوونی لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، ئیلاهە دەلاورزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیویەتی: "لە مانگی ترسینی دووەمی ٢٠٢٢ تا نیسانی ٢٠٢٣ لەلایەن تاڵیبانەوە ئەشکەنجەدرام، تەزووی کارەبایان لە ئەندامی زاوزێ، مەمک و شان و ڕانم دا و ناچاریان کردم دان بەوەدا بنێم کە دەیانەوێت".

 

هەروەها ئاماژەی بە هێرشی تاڵیبان بۆ سەر ژنان و کچان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە داوە کە ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد و دەنووسێت: "تاڵیبان و سەرکردەکانی هەزاران ژنیان ناچارکردووە هاوسەرگیری بکەن، بە خراپترین شێوە ئەشکەنجەیان داون، تاڵیبان یاسا توندەکانی خۆی تەنها بۆ کەسانی بێ بەرگری لە وڵاتدا جێبەجێ دەکات و سزای سەرکردەکانی نادات".

 

تاڵیبان لە خاڵێکی پشکنینی خۆی لە "ناوچەی نەجار" لە شاری کابول پشکنینی بۆ ئیلاهە دەلاورزی و مۆبایلەکەی کردبوو، دوای ئەوەی وێنەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی پێشوویان لە مۆبایلەکەیدا دۆزیەوە، دەستگیریان کرد و قاری سەعید خوستی لە زیندان دەستدرێژی سێکسی کردە سەری، دوو ڕۆژ دوای ئازادکردنی، ئیلاهە دەلاورزی ناچار کرا هاوسەرگیری لەگەڵ قاری سەعید خوستی بکات.