کەژەکە بانگەوازی گەشکردنی بەرخۆدان دەکات

کۆردیناسیۆنی کەژەکە دەربارەی کۆمەڵکوژیی قامیشلۆ ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "داوا لە خەڵکی کوردستان، ژنان، مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز دەکەین کە هەڵوێستیان بەرامبەر بەم هێرشە فاشیستیانە نیشان بدەن، پێکەوە بەرخۆدان گەشە پێبدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای گوندی بەیاندۆر کردە ئامانج و لە ئەنجامدا یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جێگرەکەی، لێمان شوێش و هاوڵاتییەک بە ناوی فرات تومۆ شەهید بوون، کەژەکە ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییە بڵاوکردەوە و تیایدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و هەڤاڵان و خەڵکی نیشتمانپەروەر کرا و جەخت کرایەوە، "خۆپاراستن و وەڵامدانەوە ماف و ئەرکە".

 

ڕاگەیاندنی کەژەکە بەم شێوەیەیە:

دەوڵەتی تورکیا لە باشوور و باکووری کوردستان بە بەر چاوی جیهانەوە سیاسەتی دوژمنایەتی بەرامبەر ژنان، گەلی کورد و مرۆڤایەتی درێژە پێدەدات، لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شار یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لەیمان شوێش و فیرات تومۆ لە هێرشێکی فرۆکەی بێ فرۆکەواندا کۆمەڵکوژ کران، هەر لەو هێرشەدا هاوسەرۆکی ئەنجومەن گابی شەموونی سوریانی بە سەختی بریندار بوو، بە ڕێزدارییەوە سەریان لە ئاست دادەنەوێنین و بەڵێن دەدەین داهاتوویەکی ئازاد بۆ ژنان و خەڵکی کوردستانی ئازاد بنیاد بنێین، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەکانیان و هەڤاڵان و گەلی نیشتمانپەروەرمان دەکەین، هیوای شیفا بۆ برینداران دەخوازین، جەختیش دەکەینەوە کە خۆپاراستن و وەڵامدانەوەی ماف و ئەرکە.

 

بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هێرشەکان

ژن و گەلی ئازیزمان!

 

دەوڵەتی تورک سەد ساڵە کۆمەڵکوژی بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنێت، لەناوبردنی گەلی کورد و پێشەنگ و ڕێبەرانی تێکۆشان و بەرخۆدانیان کردووەتە سیاسەت و بەڕێوەی دەبەن، ئەمەیان کردووەتە ئامانج تا گەلی کورد بێ ڕێکخستن و بێ ڕێبەر بمێنێتەوە، لە ڕێگەی ئاسمیلەکردن و دەربەدەری و لە سێدارەدان و کوشتن بوونی کورد لەناو دەبات، بە جێبەجێکردنی ئەم کردەیە، سوودی لە کوردە خیانەتکارەکان وەرگرت، لە نزیکبوونەوەی دوژمنکارانە لە کوردەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و لە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی زلهێزە هەژموونگەرە نێودەوڵەتییەکان، بە پشتیوانی و بەشداریی ئەوان، ئەم کارە بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ سەدەی دووەمی پەیمانی لۆزان، سیاسەتی جینۆساید و لەناوبردنی کورد هێندەی تر بێباکانە بوو، لە سنوورەکانی دەوڵەتی تورک تێپەڕی و گەیشتە باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەمان هێرش لە دەرەوەی وڵاتیش ئەنجامدرا، لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێت، ئەم هێرشانە بەبێ گرنگیدان بە پێوەرێکی ئەخلاقی و ئینسانی و یاسایی نێودەوڵەتی چڕتر دەبنەوە و بەردەوام دەبن، جیهانیش شایەتی ئەم دۆخەیە، دەوڵەتی تورکیا تۆڵەی شکستی داعش لە کورد و ڕۆژئاوا دەکاتەو،ە بەم هێرشە نامرۆڤانە بەدەلی تێکشکاندنی داعش دەدات، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگن، ئەم بێدەنگییە بێ بەزەییە، لە تەرازووی ئەخلاقیدا جێگەی نییە.

 

پێویستە بە بەرخۆدانێکی بەهێزتر وەڵام بدرێتەوە

گەلی ئازیزمان، مرۆڤایەتی شۆڕشگێڕ و چەپ و دیموکرات!

لە تورکیا بە چەمکی هێرش و سیاسەتی دوژمنی مرۆڤایەتی، ناسیۆنالیزم، ڕەگەزپەرستی و ئایین پەرستی بە سەرۆکایەتیی گروپی فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی، دەیەوێت بە کوشتنی کورد ببێت بە تاکە دەسەڵاتی هەژموونخوازی ناوچەکە، ئامانجی لەناوبردنی کورد دەبێت بە هەموو شێوەیەک ببینرێت و بە تێکۆشان و بەرخۆدانێکی بەهێزتر وەڵام بدرێتەوە.

 

لەبەرئەوەی ڕۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان دژی جینۆسایدی مرۆڤایەتی و ژن و ئیکۆلۆژی دەبینێت، بۆیە ڕۆڵ و ڕێگەپێدان و بەرپرسیارێتی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکدا بوونی هەیە، بەڕوونی بوونەتە هاوبەشی کۆمەڵکوژی ژن و کوردان، ئەو کورد و ژنانەی داعشیان تێکشکاند و بێ کاریگەرییان کردن، لەم تێکۆشانەدا شەهید دەکرێن، بێ ئەوەی ئەو هێزانە ناڕەحەت ببن، لە هەمان کاتدا لەسەر بنەمای ئەندامێتی دەوڵەتی تورکیا لە نارۆدا، دەڵێن "ناتوانن هیچ بکەن" و بەم شێوەیە دووڕووی نیشان دەدەن.

 

ڕێگای ڕێگریکردن لە هێرشەکان بەرخۆدانە

ئەم هێرشانە دەریدەخات کە ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی چ مەترسییەک دەبێتەوە، ئامانجی مامەڵە پیسەکانی دەوڵەتانی زلهێزی ستەمکار، کە نوێ کراوەتەوە، ئەوەیە کورد بێ ئیرادە، بێ ڕێوەبەری و بێ ئایندە بمێنێتەوە، هێرشەکان گشتین، بۆ سەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام دەدرێن، هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد یەک بە یەک زیادی کردووە،  لە هەموو شوێنێک هێرش هەیە، ڕێگای ڕێگریکردن لە هێرشەکانیش تەنها بەرخۆدانە.

 

بوونی ڕۆژئاوا کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان هەیە، لەدەستدانی دەستکەوتەکانیشی بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت، دەستکەوتەکان دەرئەنجامی خەباتی درێژخایەنمان بوو، داوا لە گەل و ژنانی کورد دەکەین، بە هەستیاری و بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە بکەن، خەبات لە هەموو بوارێکدا زیاتر بکەن، کورد نابێت بە بەرخۆدانی پاسیڤ، بەڵکو بە هێز و ئیرادەی بەرخۆدانی هەمیشەیی ڕادیکاڵانە دەستکەوتەکان بپارێزرێن، چارەنووسی ڕۆژئاوا و گەلەکەمان لە مەترسیدایە، بە هەر نرخێک بێت، نابێت ڕێگە بدەین دەستکەوتەکانمان لەدەستبچێت.

 

یوسرا دەروێش، لەیمان شوێش و فیرات تومۆ ڕۆڵی سەرەکییان لە پێشخستنی شۆڕشی ڕۆژئاوادا هەبوو، لە کەسایەتی خۆیاندا هەموو شەهیدانی دیموکراسی و ئازادی بە ڕێزەوە یاد دەکەینەوە و بە توندی ئیدانەی هێرشی دژیان دەکەین، هەریەکەیان کەسانێک بوون کە بە دڵ و مێشکی خۆیان لە بنیادنان و بەرەوپێشبردن و پاراستنی شۆڕشدا خەباتیان دەکرد، خاوەندارێتی لەم ڕەنجە بەرخۆدان و وەستانەوەی بە کەرامەتەوە، خاوەندارێتی لە خەونەکانی ئایندەیەکی ئازاد بۆ مرۆڤایەتی و ژنان، ئەرکی دیموکراتیک بوون و مرۆڤە، بەم شێوەیە جارێکی تر داوا لە خەڵکی کوردستان، ژنان، مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز، ژنانی ئازادیخواز دەکەین کە هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هێرشە فاشیستیانە نیشان بدەن، پێکەوە بەرخۆدان گەشە پێبدەن.