لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی یۆنان سەدان کۆچبەر بێسەروشوێنن

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ بەلەمێکی ماسیگرتن کە پڕبوو لە کۆچبەر، دەیانویست لە لیبیاوه‌ بگەنە ئیتاڵیا لە دوورگەیەکی یۆنان ژێرئاوکەوت و تا ئێستا ٧٨ تەرم دۆزراونەتەوە و سەدان کەسیش بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٤ی حوزەیران، بەلەمێکی ماسیگرتن که‌ ٤٠٠ کۆچبەری هه‌ڵگرتبوو، لە باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی پیۆپۆنیسی یۆنان ژێرئاوکه‌وت و تا ئێستا ته‌رمی لانیکه‌م ٧٨ که‌س  دۆزراونەتەوە.

 

بەپێی زانیاری میدیاکان، ١٠٤ کۆچبەر ڕزگارکراون کە هاوڵاتی میسری، سوری، پاکستانی، ئەفغانستانی و فەڵەستینی تێدایه‌، پێشبینیش دەکرێت سەدان کەسی دیکە لەناو ئاوەکەدا بن و بێشەروشوێنن.

 

ئاماژە بەوە کراوە، ڕزگاربووان لە دۆخێکی زۆر سەختدان و ڕووداوەکە شۆک ئامێز بووە بۆیان، ئیراسمیا ڕۆمانا، سەرۆکی شاندێکی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان لە بەندەری کالاماتای باشوور ڕایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن بۆ ئەوەی پێیان بڵێن کە باشن، بەردەوامیش پرسیار لەبارەی ونبووەکان دەکەن.

 

شارەزایانی پاسەوانی کەناراوەکان پێیانوایە ڕەنگە بەلەمەکە تووشی تەواوبوونی سووتەمەنی بووبێت، یان کێشە له‌ بزوێنەرەکەدا دروستبووبێت، جوڵەی سەرنشینەکان لەناو کەشتییەکەدا وایکردووە ژێرئاو بکەوێت.

 

دوای ئەو کارەساتە یۆنان ٣ ڕۆژ ماتەمینی لە سەرتاسەری وڵاتەکەی ڕاگەیاند.، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، بەرپرسێک ڕایگەیاندووە، "ژمارەی خنکاوەکان هەر کاتژمێرێک زیاد دەکات، هەندێک زانیاری بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێن ٦٠٠ کەس لەناو کەشتییەکەدا بوون، بەڵام تا ئێستا ئەم زانیاریانە پشتڕاست نەکراوەتەوە و کەشتییەکەش لە ژێرئاو دایە.