ڕێژەی دەستدرێژی لە وڵاتی ئوردن لە هەڵکشاندایە

ڕاپۆرتێکی فەرمی ئوردنی ئاشکرایکردووە، ڕێژەی تاوانەکانی دژ بە ئەخلاق و ئەخلاقی گشتی لە وڵاتەکەدا بە ڕێژەی ٪١٠.٩٨ لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیادیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری تاوانەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی وڵاتی ئەردەن بۆ ساڵی ٢٠٢٢، حاڵەتەکانی تاوانی دەستدرێژی سێکسی لە ئوردن لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ١٧٥ حاڵەت، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٦٦ حاڵەت بووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، حاڵەتەکانی دەستدرێژی ناشایستە و توندوتیژی لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٩٩١ حاڵەت، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە حاڵەتەکان ٩٠٤ حاڵەت بوون.

 

هەروەها ڕێژەی لەباربردنی منداڵ لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیادی کردووە و ٢٦ حاڵەتی لەباربردن تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٢ حاڵەت بووە.

 

ڕفاندنی هاوڵاتیان لە وڵاتی ئوردن بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢١٤ حاڵەت تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٦٢ حاڵەت بووە.

 

ژمارەی حاڵەتەکانی بازرگانی بە لەشەوە بە ڕێژەی ١٨.٧٥٪ کەمیکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ٣٩ حاڵەت، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٨ حاڵەتی تۆمارکردووە.