لە سێ ساڵی ڕابردوودا یەدەگی ئاوی عێراق دابەزیوە

لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو شاندێكی حكومەت سەردانی ئەنقەرە دەكات، بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆسیەی زیادكردنی بەردانەوەی ئاو لە مانگەكانی هاویندا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی كەمی ئاو.

ناوەندی هەواڵ

 

جەبار عەودە، سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتح بە میدیاکانی ڕایگەیاند، بەغدا شاندێكی باڵا دەنێرێت بۆ ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت عێراق بۆ چەند مانگێك لە وشكەساڵی دوور بكەوێتەوە، دەشڵێت: لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا یەدەگی ئاو زۆر دابەزیوە، بارانبارینی بەخوڕی وەرزی زستان  لەو ئاستەدا نەبوون، كە دڵنیای لە ڕزگاربوون لە قەیرانی وشكەساڵی هاوینی داهاتوو بدات.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو شاندێكی حكومەت سەردانی ئەنقەرە دەكات، بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆسیەی زیادكردنی بەردانەوەی ئاو لە مانگەكانی هاویندا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی كەمی ئاو، هەروەها قەبارەی لافاوەكانی توركیادا ڕێژەیەكی زۆر عەمباركردنی ئاوی زیاد كردوە.

 

ڕوونیشیكردەوە، پێویستی هەڵسەنگاندنی دووبارەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە سەبارەت بە دۆسیە ئاو و پەیوەندییە ئابوورییەكان بكرێت، كە ساڵانە دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، ئەمەش دەبێتە هۆی پەسەندكردنی ڕێكارەكانی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەكان، دۆسیەی ئاو زۆر گرنگە، هیوادارن كۆبوونەوەكانی داهاتوو ببێتە هۆی پەرەپێدانی میكانیزمێكی نەرم و نیان، كە هەردوو وڵات لە هەموو قەیرانێك دوور بكاتەوە.

 

جێگای ئاماژەیە، لەمانگی ڕابردوودا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی ئاو سەردانی وڵاتی توركیا كرد، لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبویەوە، لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك ڕێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق زیاد بكرێت.