لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەیان منداڵ بەهۆی سورێژە لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەبەوەدەکات لە سەرەتای ئەمساڵەوە حاڵەتەکانی سورێژە لە یەمەن زیادیکردووەو دەیان منداڵ بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

جەنگ لە یەمەن بووەتە هۆی داخستنی نیوەی دامەزراوە تەندروستییەکان و کەرتی تەندروستیش ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات و نەخۆشی و پەتاکان دەردەکەون، شەڕی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە بەردەوامە و هەزاران هاوڵاتی کوشتووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە یەمەن کە ١٦ی نیسان بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، حاڵەتەکانی سورێژە بەرزبوونەتەوە بۆ ٩ هەزارو ٤١٨ حاڵەت، ٧٧ منداڵیش گیانیان لەدەستداوە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان و نەخۆشی کۆکە لە زیادبووندایە و ژمارەی مردن بەهۆی هەر نەخۆشییەکەوە لە زیادبووندایە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە لە یەمەن لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەلایەنی کەمەوە ٢٢ هەزار حاڵەتی سورێژە تۆمارکراوە، لەوانە ١٦١ حاڵەتی مردن، ئەمەش هۆشداری دەدات لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن، بە تایبەتی ئەگەر ڕێژەی بەدخۆراکی بەردەوام لە زیادبووندایە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە ٢٢٨ منداڵ ئیفلیج بوون.

 

شەڕی یەمەن ژێرخانی تەندروستی وڵاتەکەی وێران کردووە، خەڵک لە هەژارییەکی سەختدا دەژین و ٨٠٪ی دانیشتوانەکەی کە ٣٢.٦ ملیۆن کەسە پشت بە یارمەتییەکان دەبەستن.