٤ی نیسان لە شاری سەردەشت بەرز ڕاگیرا
کۆمەڵێک ژنی سەردەشت بە چاندنی نەمام یادی ٧٤ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرز ڕاگرت.
سەردەشت
کۆمەڵێک لە ژنانی سەردەشت بە ئاماژەدان بە کاریگەریی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی"، بە چاندنی نەمام، یادی ٧٤ ساڵەی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردیان بەرز ڕاگرت و خوازیاری ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان بوون.
سۆزان ناوی خوازراوی چالاکوانێکی مەدەنییە و لەبارەی چاندنی نەمامەوە وتی: لە کاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە دوو دەیەیە لە زیندانی ئیمڕالی دەستگیرکراوە، هزر و فەلسەفەکەی لە سەرتاسەری کوردستاندا بڵاوبووەتەوە، ئەمساڵیش دوای ئەوەی ڕاپەڕینی گەل بە کوشتنی ژینا ئەمینی و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، سنوورەکانی کوردستانی بەزاند و گەیشتە هەموو جیهان، بناغەکانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئازادی ژن و ژینگەیە، کە هەردووکیان لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە دەقۆزرێنەوە، هەر بۆیە ئێمەی کۆمەڵێک ژن لە ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەردا نەماممان چاند و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین.