نەرویج دوو خوشک و سێ منداڵ لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی

دوو خوشک لەگەڵ سێ منداڵیان لە کامپی ڕۆژی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ نەرویج.

ناوەندی هەواڵ

 

ئانیکن هویتفێلت، وەزیری دەرەوەی نەرویج لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە ژیان لەو کامپانەدا کە خیزانەکان و شانەکانی داعشی تێدایە لەڕادەبەدەر مەترسیدارە، ئەو منداڵە نەرویجیانە ماوەیەکی زۆرە لەو کامپانەدا ژیاون، کە نابێت هیچ منداڵێک تێیاندا بژی.

 

ئەو دوو خوشکەی لەگەڵ سێ منداڵەکەیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ نەرویج بە ڕەچەڵەک سۆماڵین و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣، کە ئەوکات یەکێکیان ١٦ ساڵان و ئەوەی دیکەش ١٩ ساڵان بوو، بە نهێنی چوون بۆ سوریا.

 

ئاسنێ سایێشتا، نووسەری نەرویجی پەرتووکێکی لەسەر ئەزموونی ئەو دوو خوشکە نووسیوە کە ئێستا تەمەنیان ٢٥ و ٢٩ ساڵانن و سێ منداڵیان هەیە کە لە چەکدارەکانی داعشن.

 

حکومەتی نەرویج بڕیاریداوە ئەو دوو خوشکە و سێ منداڵەکەیان لە کامپی ڕۆژی شارۆچکەی دێرکی هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بگەڕێندرێنەوە نەرویج، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو دوو ژنەکە خۆیان داوای یارمەتییان کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەکانیان بگەڕێندرێنەوە، ئەوان دەشزانن لەگەڵ گەیشتنەوەیان بە نەرویج، دەستگیر دەکرێن.