ئێران و سوریا لەناو ئەو وڵاتانەدان یەکێتی ئەوروپا سزایان دەدات؛ تاوانەکانیان دژی ژنانە

٦ وڵات کە ئێران و سوریاشی تێدایە بەهۆی پیشێلکردنی مافی ژنانەوە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزایان بەسەردا سەپیندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، بەهۆى پێشێلکردنى مافى ژنانەوە سزایان بەسەر ٦ وڵاتدا سەپاندووە، بەهۆی ئەنجامدانی چەندین تاوانی قێزەون دەرهەق بە ژنان، ئەو وڵاتانەش بریتین لە ڕووسیا، ئەفغانستان، باشورى سودان، میانمار، ئیران و سوریا.

 

لەوبارەوە، فۆبکە هۆکسترا، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وتی: ئەمە یەکەمجارە ئەم بڕیارانە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە دژی ئەو وڵاتانە دەربچێت کە پێشێلى مافەکانی ژنان دەکەن، لە ڕێگای ئەم سزایانەوە پەیامێکی ڕوون دەنێرین بۆ تاوانکارەکان، کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی لەسەر تاوانەکانتان سزا دەدرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم بڕیار و سزایانە کاردانەوەیەکی ئەرێنییە لە دژی ئەو تاوانە قێزەونانەی دەرهەق بە ژنان دەکرێت، هەروەها پەیامێکیشە بۆ قوربانییەکان، کە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدابن یەکێتی ئەوروپا پشتیوانییانە.