ڕۆڵی ژنانی لیبیا بنەمایەکە بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی

سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان ژنان هەوڵ دەدەن چارەسەری ئاشتەوایی نیشتمانی بدۆزنەوە بۆ وەستاندنی ڕژانی خوێن و دابەشبوون.

ئیبتیسام ئەغفیر

 

بنغازی- لە مانگی کانوونی یەکەم لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا کۆبوونەوەی ژنان بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی دەستیپێکرد بەمەبەستی بەشداریکردن لەپڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانی لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە، ئایا ڕۆڵی ژنان لە ئامادەبوونی ئەم کۆبوونەوانە کە بەپەلە کۆتاییان دێت هەیە؟ یان ڕۆڵی قوڵتریان هەیە لە ئاشتەوایی نیشتمانیدا؟.

 

نەجوە عەلی مستەفا، ئەندامی دامەزرێنەری بزوتنەوەی "ماجدات"ی نیشتیمانی، لە بارەی بەشداری ژنان لە ئاشتەوانیی نیشتمانیدا وتی: ڕێککەوتنی نیشتمانی بەو واتایە دێت کە هەموو لیبیاییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆدەبنەوە بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامیگیری سیاسی بۆ هەموو لیبیاییەکان، دوای ئەو شەڕانەی کە لیبیا لە شۆڕشی ١٧ی شوباتەوە تا شەڕی "ئەلکەرامە" بینی، قوربانی زۆر درا و هۆزەکان بەگشتی شارەکانیان بەجێهێشت و دابەشبوونێکی زۆر لە نێوان شار و هۆزەکانی لیبیادا دروستبوو، خەڵکی خراپ دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە کە دەست بەسەر لیبیادا بگرن و تاڵانی بکەن، لێکترازان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانیشدا بەهێز بوو و ڕێککەوتننامەی نیشتمانی پێکنەهات.

 

دوای دابەشبوونەکە هەموو هەوڵەکان بۆ ئاشتبوونەوە شکستیان هێنا

نەجوە عەلی مستەفا، وتیشی: دوای دابەشبوون هەموو هەوڵەکانی ئاشتەوایی نیشتمانی شکستی هێنا، گروپێک لە ژنان ویستیان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە کۆکردنەوەی لیبیاییەکان لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور، چەندین توێژینەوەی زانستییان پێشکەشکرد بۆ لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی هۆکارەکانی پێکدادانەکان، لەگەڵ زۆرێک لە ژنان کۆبوونەوە و گوێیان لێگرتن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئازارەکانیان ببیستن و بزانن چۆن پڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانی لە ڕێگەیانەوە پێشکەش بکەن، یەکەم سەردانیش لەلایەن ڕێکخراوی بەڕێوبەرایەتی گشتیەوە بوو کە چەندین ژنی تێدابوو، ئێمە لەگەڵ هەموو هۆزەکانی لیبیا کۆبووینەوە و کۆبوونەوەکانمان سەبارەت بە چۆنیەتی وەستاندنی خوێنڕشتن لە لیبیا بوو، ئامانجمان ئەوەبوو کە بەجدی کار لەسەر ئاشتەوایی نیشتمانی بکەین، بۆ ئەوەی یەکڕیزیی وڵات بونیاد بنێین و کولتوورێکی لێبوردەیی بەدەستبهێنین.

 

"چارەسەر ئەوەیە کە دەستەیەکی تایبەت دروست بکرێت"

نەجوە عەلی مستەفا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ ڕێککەوتنی نیشتمانیدا، دەستەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت، هەرچەندە لیژنەیەکی تایبەت هەیە، بەڵام هیچیان پێشکەش نەکردووە، هەروەها چەندین کۆبوونەوە هەبوو کە کۆمەڵێک ژن تێیدا ئامادەبوون، بەڵام ئەنجامە ڕاستەقینەکانی ئەو لیژنانە قبوڵ نەکران.

 

"ژنان بنەمای سەرەکین لە لیبیا"

مەبروکە ئەلفەرجانی ئەندامی ڕێکخراوەکە وتی: ژنان بنەمای سەرەکی کۆکراوەی لیبیان، ئەگەر ژنان شوێنی خۆیان نەکەنەوە، ئەوا هیچ ڕێککەوتنێکی نیشتمانی پێکنایەت، هەموو ئەوانەی داوای ئاشتەوایی دەکەن، ئەگەر ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخەن، ئەوا تەنها لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە.

 

"گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ چارەسەر گرنگە"

مەبروکە ئەلفەرجانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئاشتەوایی نیشتمانی لەسەر بنەمای گرنگی پاراستن و کۆکردنەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی خەڵکی لیبیایە، ئەگەر کۆچبەران نەگەڕێنەوە چ لەناوەوە بێت و چ لە دەرەوە ئەو چەتانە لیبیا جێناهێڵن و پارێزەرانی بڕیاری ٧٠-٧٣ هەڵدەوەشێتەوە، هیچ گفتوگۆیەکیش لەنێوان خودی لیبیاییەکان ناکرێت، هیچ ڕێککەوتنێکی نیشتمانی بوونی نییە و پێویستە بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەردەوام بێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا مەبروکە ئەلفەرجانی ڕایگەیاند کە سیاسەت لە لیبیا یەکێکە لە هۆکارەکانی ناڕەزایی خەڵکی لیبیا، بە دەستێوەردانی دەرەکیش هەموو ڕۆژێک دابەشبوونەکە قوڵتر دەبێتەوە.