شەڕی ڕوسیا و ئۆکراینا زیان بە ٣٨ ملیۆن کەس دەگەیەنێت

قەیرانی خۆراک دوای شەڕی ڕوسیا و ئۆکراینا بەرز بووە و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا زیانی سەرەکییان پێگەشت، بەهۆی ئەوەی ٪٤٠ی بەرهەمی دانەوێڵە لەو دوو وڵاتەوە هاوردە دەکرا و دوای شەڕەکەش زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەرەوە گەشتە ئاستی بەرزی برسێتی.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵێک بەسەر هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێپەڕیوە و قەیرانی دانەوێلە و سوتەمەنی کاریگەرییەکانی لەسەر جیهان قوڵتر دەبێتەوە، شەڕەکە و ئاستەنگی لە هاوردەکردنی دەنەوێڵە لە مۆسکۆ و کیفەوە ئازارێکی قورسی بەسەر کیشوەری ئەفریقاوە دروستکردووە، کە ئەو دوو وڵاتە گرنگترین هەناردەکاری دانەوێڵەن بۆ ئەفریقا، ئەمە جگە لە گۆڕانی شەپۆلەکانی کەشوهەوا کە مەترسییەکی توندی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستکرد.

 

ئۆکراینا و ڕوسیا زیاتر لە ٪٤٠ی پێویستی گەنم بۆ ئەفریقا دابین دەکەن، شەڕەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی ٣٠ ملیۆن تەن خۆراک لە ئەفریقا و نرخی خۆراک لە کیشوەرەکەدا بەڕێژەی ٪٤٠ بەرزبووەتەوە.

 

کەمی لە دابینکردنی خۆراک بۆ وڵاتانی ئەو کیشوەرە، کەمبوونەوەی ڕووبەری بەروبووم بە ڕێژەی ٪٢٥ و کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ٪٣٧، قەیرانی خۆراکی لە چەند وڵاتێکی کیشوەرەکە زیاد کرد و گەیاندییە لێواری برسێتی توند، جگە لەوەش توانای هەناردەکردن بەراورد بە ساڵانی پێش جەنگ کەمیکردووە، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە و برنج و گەنمیش تێچووی پارەی خۆراک زیاد بووە.

 

بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان، ڕوسیا و ئۆکراینا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕێگە بە کەشتییە بارکراوەکانی دانەوێڵە بدەن بەرەو ئەو وڵاتانەی پێویستیان بە دانەوێڵەی خۆراکی هەیە، بەڕێکەون، تا ئێستا نزیکەی ٢٠ ملیۆن تەن دانەوێڵە لە بەندەرەکانەوە گواستراونەتەوە، لە کاتێکدا پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئەم ڕێژەیە بۆ ٧٥ ملیۆن تەن بەرزبێتەوە، ئەگەر ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە کە لە تشرینی دووەمی ڕابردوو بۆ ماوەی ٤ مانگ درێژکرایەوە، بەڵام ئەم پێشکەوتنە گۆڕانکاری لە ئاسایشی خۆراک بۆ ئەفریقا ناکات.

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کیشوەرەکە بەهۆی پشتبەستنی سەرەکی بە دانەوێڵەی ڕوسیا و ئۆکراینا ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبێتەوە، ئەو سەرکردەکانی وڵاتانی لە پێویستی گەڕان بەدوای سەرچاوەی بەدیل بۆ دانەوێڵە ئاگادار کردەوە.

 

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ١١ ڕێکخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتی بڵاویانکردەوە، ئاماژە بەوە کراوە، نزیکەی ٢٧ ملیۆن کەس لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، ڕەنگە بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ ٣٨ ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.