درێژەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"؛ زەنگی مەرگی دەسەڵات لێدەدرێت

ناڕەزایەتی شەوانەی ئازادیخوازان لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران لە شەشەمین مانگی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی شەشەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کوشتنی ژینا ئەمینی و بەگژداچوونەوەی یاسا دژە ژنەکان و پاوانخوازەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیپێکرد و لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشدا تەشەنەی سەند، سەرەڕای بارودۆخی ئەمنی شارەکان بە هێزی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ئێران بەردەوامە.

 

شەوی ڕابردوو ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی تاران، سنە، ئیسفەهان، بەندەر عەباس، هورمزگان و شارەکانی دیکە درێژەی هەبوو و ئازادیخوازان بە وتنەوەی دروشم و ڕژانە شەقامەکان و کردنەوەی ئاگر و نووسین لەسەر دیوارەکان و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکان، خستیانەڕوو، کە شۆڕش هێشتا بەردەوامە و تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، کە ڕووخانی تەواوەتی کۆماری ئیسلامییە، مەیدانی خەبات بەجێناهێڵن.

 

لە شارەکانی سنە و هورمزگان، گەنجانی شۆڕشگێڕ لە شوێنی جیاجیا ئاگریان داگیرساند و ڕایانگەیاند کە ئاگری شۆڕش نەکوژاوەتەوە و ئێستاش بەردەوامە، هەروەها دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر لە هەموو شوێنێکی ئێران دەبیسترێت و ئازادیخوازان بە دروشمەکانیان خوازیاری ڕووخانی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی و دیکتاتۆرترین دیکتاتۆر خامنەیین.