چالاکی ئێشکگری دادپەروەری دەکرێتە ڕێپێوان بەرەو ئیمڕالی

پەرلەمانتارانی هەدەپە کۆتاییان بە ئێشکگری دادپەروەری هێنا کە ماوەی ٣٢ ڕۆژە بەردەوامە و ڕایانگەیاند، بەشداری ڕێپێوانی گەملیک دەکەن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان.

ئەنقەرە

 

پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لەپێناو داواکردنی چاوپێکەوتن لەنێوان پارێزەران و بنەماڵەی ئۆجالان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، ماوەی ٣٢ ڕۆژە بەردەوامن لە ئێشکگری دادپەروەری، لە ڕاگەیاندنی ئەمڕۆیاندا خستیانەڕوو، کە ئێشكگری دەگۆڕن بۆ ڕێپێوان.

 

ئەمڕۆ پەرلەمانتاران بەشداریان لە ئێشکگرییەکەدا کرد و لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەدا، گۆشەگیرییەک لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان هەیە کە لە جیهاندا هیچ نموونەیەکی لەو شێوەیە نییە، ئەم ئێشکگرییە بۆ شکاندنی بێدەنگی وەزارەتی داد ئەنجامدراوە، گۆشەگیری نەک هەر چاونەکەوتنە لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵە و قسە نەکردن بە تەلەفۆن، گۆشەگیری نەمانی یاسایشە، هەروەها گۆشەگیری لە ئیمرالیە بەشێکە لە سیاسەتی لەناوبردنی دەستکەوتە دیموکراسیەکانی گەلی کورد.

 

"یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتی پێشێل دەکرێت"

لە بەیاننامەکەدا بەبیرهێنرایەوە، لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ەوە پەیوەندی بە عەبدوڵا ئۆجالانەوە ناکرێت و ئەوەش خراوەتەڕوو: هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی بەڕێز ئۆجالان نییە، بەمەش یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتی بە ڕوونی پێشێل دەکرێت، ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە تورکیا واژۆی لەسەر کردووە، پێشێل دەکرێن و ئەم بابەتە بووەتە بابەتی پارێزەران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا،  دەسەڵاتداران تورکیایان خستووەتە ئەم دۆخە.

 

بڕیارە چالاکی ئێشکگری دادپەروەری کۆتایی پێبهێنرێت و ڕێپێوان بەرەو ئیمڕاڵی دەستپێبکات، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەڕێز ئۆجالان دەڵێت کە دەستکەوتی ناوێت، بەڵکو سەروەری یاسای دەوێت، ئێمەش داواکارییەکانمان سەروەربوونی یاساکانە، دوای بەردەوامیمان بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ لە ئێشکگری دادپەروەری، کۆتایی بەم چالاکییە دەهێنین و لە ٦ی شوباتەوە لە ناوچەی گەڤەر و قۆسێرەوە ڕێپێوانی 'با بۆ چارەسەری بەرەو ئیمرالی ڕێپێوان بکەین' دەست پێدەکەین، چونکە پێویستە دەستبەجێ ئەم دۆخە نایاساییە کۆتایی پێبێت و کۆبوونەوە بکرێت، جارێکی تر پەیوەندی بە وەزارەتەوە دەکەین و داوا دەکەین، وەڵامی ئەو داواکاریانە بدەنەوە کە پێشکەش دەکرێن".