بۆ بینینی بەفر هاوڵاتیان ڕوو لە چیاکان دەکەن

شەپۆلی سەرما ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و شەوی ڕابردوو چیاکان بەهۆی بارینی بەفرەوە سپی پۆش بوون، هاوڵاتیانیش بۆ چێژ بینین لە بەفر ڕوو لە چیاکان دەکەن.

سلێمانی

 

ساڵانە لەگەڵ هاتنی سەرما و بارینی بەفر هاوڵاتیان ڕوو لە چیاکان دەکەن، تا لەگەڵ بەفری ساڵدا وێنە بگرن و یاری بکەن و یادگاری لەگەڵ خێزانەکانیاندا تۆمار بکەن.

 

ئەگەرچی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی کاریگەری کردووەتە سەر کوردستان و لەگەڵ تێپەڕینی زیاتر لە مانگێکی زستان و نەبارینی بەفر و بارانی پێویست، بەڵام ماوەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی سەرما و باران بارین ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و بەفر چیاکانی سپی پۆش کردووە.

 

هەروەها لە ناوچەکانی پێنجوێن، هەورامان، باڵەکایەتی، قەندیل و حاجی ئۆمەران و چەندین ناوچەی دیکە بەفر سەر چیاکانی گرتووەتەوە و شەوی ڕابردووش چیای گۆیژە و ئەزمەر لە شاری سلێمانی سپی پۆش بوون.

 

بەیانی ئەمڕۆ، هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ڕوویان لە چیای گۆیژە و ئەزمەڕ کرد و بە گرتنی وێنە و یاری کردن لەناو بەفردا، یادگاری زستانی ئەمساڵیان تۆمارکرد و دڵخۆشن بە بارینی بەفری ئەمساڵ.